Recep Şakar,Mohammed Baqi Hussein
01 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2017
مێلبۆرن - AA
گوته‌بێژی ئوستڕاڵیای رێكخراوی رۆهینگیای نیشتمانیی ئاراكان (ARNO) كه ناوه‌نده‌كه‌ی له به‌ریتانیایه، دکتۆر هلا ماینت رایگه‌یاند، حكوومه‌تی میانمار تاوانی به‌كۆمه‌ڵی دژ بە گه‌لی ئاراكان ئه‌نجامداوه و ئه‌مه‌ش تاوانی دژ بە مرۆڤایه‌تییه.
دکتۆر هلا ماینت له لێداونێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو به‌توندی ئیدانه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی موسوڵمانانی ئاراكانی له لایه‌ن سوپای میانماره‌وه كرد و رایگه‌یاند، میانمار به ئاشكرا كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجام ده‌دات.
دکتۆر هلا ماینت گوتی: "ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئیدانه‌ی توندوتیژی ده‌كه‌ین و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌مان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌مان ده‌وێت. به‌ڵام حكوومه‌تی میانمار كۆمه‌ڵكوژی دژ بە گه‌لی رۆهینگیا ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌م تاوانانه تاوانی دژ بە مرۆڤایه‌تین و ده‌چنه سنووری ده‌سه‌ڵاتی یاسای نێوده‌وڵه‌تی".
ناوبراو رایگه‌یاند كه پێویسته له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گه‌لی رۆهینگیای ئاشتیخواز بپارێزێت، به‌ڵام كاردانه‌وه‌كانیان زۆر لاوازه.
دکتۆر هلا ماینت گوتیشی: "ته‌نها چه‌ند وڵاتێكی وه‌ك توركیا، به‌ریتانیا و مالیزیا ده‌نگیان له ئاستی ستهمهكاندا به‌رزكردووه‌ته‌وه. به تایبه‌ت توركیا کە خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌رزتره له ئاستیدا و ئێمه بۆ ئه‌وه سوپاسیان ده‌كه‌ین".