Zana Natık Kerem
16 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد کە لەسەر تاوانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید، نوێنەری ئەو وڵاتە بانگھێشت بکات.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "لە مانگی قورئاندا و لە وڵاتێکی ئەورووپی کە ژمارەی موسڵمانان تیایدا زیادی کردووە، قورئانی پیرۆز دەسووتێندرێت، ئایە لەبەرچی؟ ئەمە ئیستفزازکردنەوەی ھەستی موسڵمانانە".
راشیگەیاندووە: "پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ھەڵوەستەکردن لەسەر راستی ئەم رووداوە تیرۆریستى و دووبەرەکییە کە ئامانج لێی جیاکاریی نێوان ئایينەکانە کە بەپێچەوانەی ئەوەی بیرمەندەکان بانگەوازی بۆ دەکەن، بانگھێشتی نوێنەری سوید بکات".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوایشی لە حکوومەتی سوید کردووە کە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی، ھەڵوێستی لەبەرامبەر ئەم جۆرە دەستدرێژیانەدا، ھەبێت.
رۆژی پێنجشەممە سەرکردەی پارتی راستڕاوی توندڕەو، راسمووس بالوودان لە شاری لینشوپێنگ باشووری سوید لەژێر پاسەوانی پۆلیسدا، قورئانی پیرۆزی سووتاند کە ئەوەیش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە.