Sarmand Hameed
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازی لە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و کارکردن بە رۆحییەتی یەک تیم لە روانگەی هاوبەش بە ئامانجی دەستبەرکردنی خواست و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بەگشتی.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە میانی کۆبوونەوەکەدا کازمی جەختی لە پێویستی هەماهەنگی تەواو لەنێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا کردووەتەوە، هاوکات تاوتوێی ئەو ئاڵنگارییانە کراوە کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ئەندامییەتی ھەریەک لە وەزیری پلاندانان، دارا رەشید و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.
ئامانج لە سەردانی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە لەسەر پرسی نەوت، بوودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
بڕیار بوو وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، ئاوات جەناب نووری ئەندامی شاندی ھەرێم بێت، بەڵام بەھۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، نەیتوانی لەگەڵ شاندەکە بڕوات.