Sarmand Hameed
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رايگەياند سەرکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکان نێوان هەردوولا، و ھەروولا پابەنددەبن بە ئەرکە دەستوورییەکانی سەر شانیان و دەستوور دەبێتە بنەمای رێککەوتنەکان.
ئەحمەد موللا تەڵال له كۆنگرهیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامیدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ھەوڵەکانی حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی بوودجە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند "رێککەوتنی ئەم دواییانە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کراوە".
ئەحمەد موللا تەڵال گوتیشی "بەندەکانی ئەو رێککەوتنە و ئەنجامەکەی ئەوەیە، کە دەوڵەت لە بەرامبەر ھاووڵاتییانی کورد بەرپرسیارە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئێوە دەزانن کە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان چۆن دەناڵێنن بەھۆی کەمی نەختینەوە کە بەھۆی وەستانی مووچەوە دروستبووە، کاتێک حکوومەت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێرێت بەھەستکردن بە پێویستی ھاووڵاتییانی ھەرێم بەو پارەیەیە، بەپێی بەندەکانی رێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێویستە حکوومەتی ھەرێم لەبەرامبەردا پابەندی دەستوور بێت لەبارەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان".
ئەحمەد موللا تەڵال راشیگەیاند: "ئەم رێککەوتنە بۆ ئەم قۆناغەیە تا پەسەندکردنی بوودجە گشتی ساڵی ٢٠٢١، ئەم رێککەوتنە دەگوازرێتەوە ناو پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ و لە رێگەی بەردەوامی گفتوگۆکان کە سەرکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەسەری رێککەوتوون بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و ھەروولا پابەنددەبن بە ئەرکە دەستوورییەکانی سەر شانیان و دەستوور دەبێتە بنەمای رێککەوتنەکان".