Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە پێویستییان بە پێداچوونەوە ھەیە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، چونکە عێراق پێویستی بە ھێزی بیانی شەڕکەر نییە، بەڵکو پێویستی بە راوێژکاری سەربازیی ھەیە.
محەمەد شیاع سوودانی بەر لەو سەردانەی کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە بۆ فەڕەنسا ئەنجامی بدات لە گوتارێکیدا کە هاوکات کە لە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق و رۆژنامەی "Le Monde"ی فەڕەنسی بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندووە "عێراق خواستی ھەیە ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ فەڕەنسا لە بوارە سەربازیی و ئەمنییەکاندا پتەوتر بکات، ئەوەیش لە پێناو بەرزکردنەوەی تواناکانی ھێزە ئەمنییەکانمان کە ئێستا ھەوڵ دەدەین ئەو ئامانجانە بەدی بھێنین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیوویەتی "ئێستا عێراق پێویستی بە ھێزی بیانی شەڕکەر نییە، بەڵکو پێویستی بە راوێژکاری سەربازیی ھەیە، ئەوەیش بە ئامانجی دابینکردنی پێدوایستیی ھێزەکانمان لە راھێنان و پڕچەککردن".
راشیگەیاندووە "ئێستا پێویستییمان بەوە ھەیە کە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بچینەوە و نەخشەی ھاریکارییەکانمان بۆ ئایندە دیاریی بکەین، چونکە توانای ھێزەکانمان لە شەڕکردن بەردەوام روو لە پێشکەوتنە".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە میانی چەند ھەفتەی رابردوودا، محەمەد شیاع سوودانی لە ھەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی رایگەیاندبوو کە تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاریی نەکراوە، چونکە ھێشتا عێراق بۆ لەناوبردنی یەکجاری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە.