لە سووریا ھەڵمەتی بانگەشە بۆ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە دوای ڕووخانی ئەسەد دەستی پێ کرد
ئەمڕۆ دووشەممە لە سووریا، ھەڵمەتی بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل "پەرلەمان" لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەستی پێ کرد کە تا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت.

Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
ئەمڕۆ دووشەممە لە سووریا، ھەڵمەتی بانگەشەى لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل "پەرلەمان"، دەستی پێ کرد.
چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی ٥ی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا ئەنجام بدرێت.
ئەوەیش یەکەم پرۆسەی ھەڵبژاردانی پەرلەمانە کە لە سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی سووریا، محەمەد تەھا ئەحمەد لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ھەواڵی فەرمی وڵاتەکەی "سانا"ی ڕایگەیاندووە کە دوێنێ یەکشەممە، دەرگا بەربژێکردن بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی گەل لەسەر ئاستی ٥٠ بازنەی ھەڵبژاردن لە سووریا داخرا.
گوتیشی: "ژمارەی ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ ئەندامێتی لە ئەنجوومەنی گەل بەربژێر کردووە، گەیشتووەتە ھەزار و ٥٧٨ کەس کە لەسەدا ١٤یان ئافرەتن و ڕێژەی بەربژێکردنی ئافرەتان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە".
ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە لە سووریا، ھەڵمەتی بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل، دەستی پێ کردووە کە تا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: "ڕۆژی ٥ی مانگی داھاتوو، کاتژمێر ٩ی بەیانی بە کاتی ناوخۆی سووریا، پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل دەست پێ دەکات کە تا ٤ی ئێوارەی ھەمان ڕۆژ بەردەوام دەبێت".
باسی لەوەش کردووە کە دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەکە، دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت.