Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەی بۆ بەغدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامی دا لەگەڵ سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح كۆبووەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستكەوتوون لە كۆبوونەوەكەدا، ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ تاوتوێ كراون لەوانە؛ چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و فەڕەنسا، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی داعش.
دوای كۆبوونەوەكە، سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز كرد.
ئاژانسی فەرمی هەواڵیی عێراق بڵاوی کردەوە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، بەرهەم ساڵح رایگەیاند كە ئەم سەردانەی ئیمانوێل ماكرۆن، گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دووپات دەكاتەوە.
سەركۆماری عێراق گوتیشی: "لەگەڵ سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن رەوشی ئەمنی ناوچەكەمان تاوتوێ كرد و هەوڵ دەدەین رۆڵێكی گرنگ و سەرەكییمان لە ناوچەكەدا هەبێت".
بەرهەم ساڵح راشیگەیاند كە نایانەوێت عێراق ببێت بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان وڵاتان.
لای خۆیەوە سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات كردەوە و رایگەیاند، عێراق لە بواری ئابووری و ئەمنییدا بە رەوشێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و گوتی:
"رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، دوژمنی هاوبەشی هەمووانە و شەڕەكانی دژ بەو رێكخراوە كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە".
گوتیشی: "حكوومەتی عێراق ئیرادەیەكی باشی هەیە بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی و فەڕەنسا پاڵپشتی لەو ئیرادەیە، دەكات".
سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن باسی لەوەیش كرد كە دەستوەردانەكانی دەرەكیی حكوومەت و دەوڵەتی عێراق لاواز دەكەن و جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە لە بەرژەوەندی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا پاڵپشتی عێراق بكات.
نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لە بەیروت پایتەختی لوبنانەوە گەیشتە بەغدا.