بەغدا ــ AA
لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی، ئیبراهیم جەعفەری كۆبوویەوە.
دوای كۆبوونەوەكەش وەزیرانی دەرەوەی توركیا و عێراق كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز كرد كە تیایدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
سەرەتا ئیبراهیم جەعفەری گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا، دۆسییەكانی سیاسی، ئەمنی و ئابووریمان تاوتوێ كرد".
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا، هەروەها باسمان لە كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە باشیك كرد كە ماوەی دوو ساڵە لەوێ جێگرن".
ئیبراهیم جەعفەری ئاماژەی بەوەشدا كە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە توركیا لەپال وڵاتانی دیكە رۆڵی گرنگی هەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا گفتوگۆمان كرد كە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە، بە داخەوە لە ماوەی سێ ساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا لە ١٨ ملیارەوە بۆ ١٢ ملیار دابەزیووە و هیوادارین لە ماوەكانی داهاتوودا قەبارەكە روو لە زیادبوون بكات".
ئیبراهیم جەعفەری راشیگەیاند كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و لەو بارەیەوە دووپاتیكردەوە كە عێراق و توركیا دەتوانن رۆڵی باش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بگیرین.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا، مەلود چاوشئۆغڵو خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكەی بۆ بەغدا دەربڕی و گوتی: "ئەمڕۆ لە سەردانەكەم بۆ بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەم، ئیبراهیم جەعفەری باسمان لە رۆژەڤی هاوبەشی عێراق و توركیا و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان كرد و بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كرد".
لە بارەی سەركەوتنەكانی هێزە عێراقییەكان دژ بە داعش، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "سەركەوتنەكانی هێزە عێراقییەكان دژ بە داعش مایەی دڵخۆشی ئێمە و هیوادارین عێراق بە زووترین كات لە داعش پاكبکرێتەوە و ئێمە لەمبارەیەوە پشتیوانی عێراق دەكەین".
وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "پاراستنی تەلەعفەر هەروەك ئەوەی ناسنامەیەكی توركمانییە، ویستی ئێمەیە لەگەل هاوتا عێراقییەكەم باسمان لێوە كرد".
مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "هەروەك چۆن پشتیوانی عێراقمان كردووە لە شەڕی دژ بە داعش، ئاواش دوای قۆناغی داعش هەماهەنگییمان لەگەڵ عێراق دەبێت لە بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان".
وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی لە یەكپارچەیی عێراق دەكەین و سەروەری عێراق شتێكە كە پێویستە بپارێزرێت".
مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەشی گوت: "ئێمە دژی تیرۆر پێگیرامان كردووە و ئیرادەی خۆشمان لەو رووەوە نیشانداوە و پەكەكەش هەروەكو داعش ئارامی و یەكێتی خاكی عێراقی خستووەتە مەترسییەوە و هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق".
وەزیری دەرەوەی توركیا راشیگەیاند كە لە پاككردنەوەی عێراق لە تیرۆر، یارمەتی هێزە عێراقییەكان دەدەن.
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی كردەوە كە پەیوەندییەكانیان لە سەرجەم كایەكانەوە لەگەڵ عێراق بەرەو پێش دەبن.
وەزیری دەرەوەی توركیا خۆشحاڵی خۆی بە دیداری لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی، ئیبراهیم جەعفەری و سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی نیشاندا و گوتی: "دەمەوێت بە زووترین كات لە وڵاتەكەم بیان بینم و ئەمڕۆ سوپاسی سەركۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكوەزیران، بینالی یڵدرم دەگەیەنمە سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی ".
مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "چارەنووسی توركیا و عێراق هاوبەشە چونكە هەمان چارەنووس و جوگرافیا پێكدەهێنن و لەسەر ئەم تێگەیشتن و لێكتێگەیشتنە پەیوەندییەكانمان پتەوتر دەكەین".
دواتر وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەوانیان دایەوە.
سەرەتا سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "ئاواتەخوازین كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی سەروەری و یەكێتی سنووری عێراقدا چارەسەر بكرێن".
وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "هەولێر چەند مافێكی لە دەستوووری عێراقدا هەیە و پێدانی ئەو مافانە گرنگی خۆی هەیە".
مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەشی گوت: "ئێمە هەموو كات پشتیوانی ئیدارەی باكووری عێراقمان كردووە و جگە لەوە راهێنانمان بە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە دژ بە داعش، بەڵام ئەو هەنگاوە هەڵەیەی كە هەولێر ناویەتی بە خۆیانمان گوتووە كە چەند هەڵەیە".
وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "لە كەركووكدا، هەنگاوێكی دیفاكتۆ كە لە رووداوی هەڵگرتنی ئاڵادا بینمان ئەوەش هەنگاوێكی هەڵەبوو، هەروەها بڕیاری ریفراندۆم بڕیارێكی هەڵەیە و تا ئەمڕۆش پێمان گوتوون و ئەمڕۆ لە سەردانەكەم بۆ هەولێردا هەمان شتیان پێ دەڵێینەوە"
مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەشی گوت "بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدایە هەیە ئەوەی بكەوێتە سەرشانی ئێمە بە بێ دوو دڵی و یان هەردوولا داوامان لێ بكەن ئەوا ئێمە لای خۆمانەوە جێبەجێی دەكەین".
وەزیری دەرەوەی توركیا گوتیشی: "لە بابەتی باشیكدا بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری خستمانە بەر باس و باشیك بۆ ئەوە دانەنراوە ببێتە پێشێلكاری بۆ سەر سەروەری یەكپارچەیی خاكی عێراق و لە باشیك راهێنان بەو كەسانە كراوە كە بە شێوەیەكی راستەقینە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەپارێزن و زیاتر لە 700 چەكداری داعش لەسەر دەستی ئەوانە كوژراون كە لە بنكەی باشیك راهێنانیان پێكراوە و ئەو هێزانەش لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداریان كرد و ئێستاش ئەو ئەركەی كە حكوومەتی عێراق پێیداون جێبەجێی دەكەن و لە بارەی ئەو هەستیارییەی كە لەسەر بابەتە دروستبووە ئێمە لێی ئاگادارین و لە سەردانەی سەرۆكوەزیرانی بینالی یڵدرم ئەم بابەتە گفتوگۆی لەسەر كرا و رایگەیاندبوو كە پێكەوە بڕیار لەسەر داهاتوو ئەو بابەتە دەدەین".
مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "پەكەكە و داعش دوژمنی هاوبەشی توركیا و عێراقن هەروەك رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكە، بۆ ئەوەی عێراق بگات بە ئارامی و ئاسوودەیی پێویستە لەو رێكخراوە تیرۆریستیانە پاكبكرێتەوە و لەمرووەوە توركیا پشیوانی عێراق دەبێت بۆ ئەوەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستیانە لەناو ببات".
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانەوە كە بڕیارە 25ی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوەبچێت گوتی: "چاوەڕوانیی ئێمە لە هەولێر زۆر روون و سادەیە. ئەویش پاشگەزبوونەوەیە لە بڕیاری ریفراندۆم، ئاسوودەیی و ئارامی ناوچەكە لای ئێمە زۆر گرنگە و ئێمە گرنگی بە ئاسوودەیی عێراق دەدەین".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری گوتی: "پەكەكە بوونی خۆی لە ژمارەیەك ناوچەكانی عێراق رەوشێكی ئەمنی ناجێگری قۆستووەتەوە".
ئیبراهیم جەعفەری گوتیشی: "عێراق پەكەكەی لە دەرەوە نەهێناوە بەڵكو بە هۆی بوونی رەوشێكی ئەمنی ناجێگر هاتوونەتە ناو خاكی عێراق".
سەبارەت بە لەناوبردنی پەكەكە لە عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیكردووە كە عێراق رێگە نادات هیچ هێرش یان دەستدرێژییەك لەناو خاكی عێراقەوە بكرێتە سەر وڵاتانی دیكە و تەنانەت رێگەش نادات عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێیەكان.
لە كۆتاییدا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "بە ئامانجی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی ئابووری و بازرگانی لە نێوان عێراق و توركیا لە قۆناغی داهاتوودا لە ئاستی باڵادا دەمانەوێت چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەین كە بازرگانانی عێراق و توركیا تیایدا ئامادە دەبن".
news_share_descriptionsubscription_contact

