Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2018
سلێمانی ـ AA
كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە شاری سلێمانی و بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت رەسول عەلی و ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەستی پێكردووە.
تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە پرسی پۆستی سەركۆماری عێراق و كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستەیە، هەروەها داواكاری لایەنەكانی ترە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كە پشكی كوردە لە عێراقدا.
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەلا بەختیار كە خۆی یەكێكە لە بەربژێرەكان بۆ پۆستی سەركۆمار و چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی حزبەكەی دەكات، دوێنێ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی داعش، برێت مەكگۆرك ئاماژەی كرد بەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی حزبەكەی ئەو پرسە یەكلایی دەكرێتەوە.
لەئێستادا لەنێوخۆی یەكێتی چەند كەسێك لەوانەش، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەلا بەختیار و سەركۆماری ئێستای عێراق، فوئاد مەعسوم، هەریەك لە محەمەد سابیر و لەتیف رەشید (ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی-ن) خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە.
مەلا بەختیار رەتیكردەوە لە خۆكاندیدكردنی لەو پۆستە لە بەرژەوەندی كاندیدێكی تر پاشەكشە بكات و رایگەیاند، تا ئەو كاتەی بۆ خۆی نەگاتە ئەو بڕوایە بڕیاری كشانەوە نادات.
سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بەرهەم ئەحمەد ساڵح و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق لە لایەن یەكێتی بە شێوەیەكی فەرمی، زۆرترین قسە و باسی لێوە دەكرێت و بەرپرسان و ئەندامانی ئەو حزبەشی سەرقاڵ كردووە.
بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی حزبەكەیان ئەوە یەكلایی دەكرێتەوە كە یەكێتی چ كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكات بە بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ەوە.
لە لایەكی ترەوە جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژی رابردوو بە ئاشكرا لە لایەن بەرپرسانی ئەو حزبەوە راگەیەندرا كە پۆستی سەركۆماری عێراق مافی هەڵبژاردنی حزبەكەیانە و كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە دەبێت، سێ كاندیدی دیكەش بە شێوەی سەربەخۆ خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە.
دوێنێ سێشەممە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق كرایەوە و تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بڕیارە پەرلەمانی عێراق رۆژی 25ی ئەم مانگە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆماری نوێی عێراق ئەنجام بدات.