Rewa Mahmood Hasan
20 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
سبەی شەممە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی سبەینێ شەممە لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی تاسڵوجە، چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەژێر ناوی "کۆنگرەی نوێبوونەوە" دەست بەکارەکانی دەکات.

تا ئێستا نازانرێت کۆنگرەکە چەند رۆژ دەخایەنێت، ئەویش بەپێی ئەنجامی کارەکانی کۆنگرە دهردهكهوێت.
لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا راپۆرتەکانی تایبەت بە کۆنگرەی چوارەم دەخوێنرێنەوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بۆ کەناڵەکانی سەر بە حزبەکەی، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، رزگار عەلی دوای بەڕێوەچوونی تیروپشکی کاندیدەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتیی کە لە هۆتێل گراند میلینیۆم بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەدا ئەوان هیواخوازن کۆنگرە ببێتە مایەی نوێبوونەوە و پەیڕەوکردنی ئەوەی پێی دەڵێن "رێبازی مام جەلال".
رزگار عەلی هیوای خواست کە ئەندامانی کۆنگرە لە ئاست ئەو متمانەیەدا بن کە کەسانی دەرەوەی کۆنگرە پێیان داون.
لەئێستادا وێنەی ناو ئەو هۆڵەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی تیایدا دەبەسترێت لە نێو هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی تاسڵوجە لە میدیاکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە کە ئامادەیە بۆ بەستنی کۆنگرە.