Sangar Hamad Azeez
20 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2015
جنێف
جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کاروباری لەناکاو ستێفەن ئۆبراین رایگەیاند: "سەرکردەکانی ئەورووپا دەربارەی قەیرانی پەنابەران بە دەیان جار کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بەڵام تاکو ئێستا هەنگاوی کاریگەریان نەناوە، لێرەوە داوا لە سەرکردەکانی ئەورووپا دەکەم سەبارەت بە بابەتی قەیرانی کۆچبەران دەست بە کار بکەن".
لە روونکردنوەیەکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵۆ ستێفەن ئۆبراین گوتی: "یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەس نییە و رۆژ لە دوای رۆژ پەنابەران پێویستییان زیاتر دەبێت".
جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "تاکو ئێستا جیهان رووبەڕووی بارودۆخی لەو شێوەیە نەبووەتەوە، لە زۆربەی ناوچەکانی دونیا قەیران هەیە و هاووڵاتیەکی لە رادەبەدەر پێویستیان بە یارمەتی هەیە، هاووڵاتیانی سووریا مافی خۆیانە لە ترسی گیانیان وڵاتەکەیان بەجێ دەهێڵن تاکو درێژە بە ژیان بدەن، ژیان گرنگترین شت نیە لەم دونیایەدا؟
ناوبراو باسی لە رۆڵی تورکیا، ئەردەن، عێراق و لوبنان کرد لە داڵدەدانی پەنابەرانی سووری و گوتی: "پێویستە درک بەو بەرپرسیاریەتییە بکەین کە ئەو وڵاتانە هەڵیان گرتووە و پاڵپشتییان بکەین، دەسەڵاتدارانی ئەورووپا بە دەیان کۆبوونەوەیان کرد بەڵام ئیتر پێویستە هەنگاو بنێن دەبێت هاوکاری یەک بکەن لە بابەتی پەنابەراندا".
ستێفەن ئۆبراین تیشکی خستە سەر هۆشیارکردنەوەی گەنجانی سووری و گوتی: "پێویستە ئەو گەنجانە لەدەستی تیرۆریستان رزگار بکەین و ئەمکارەش بە دابین کردنی شوێن و خوێندن و هیوا دەبێت".
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: "لە سەرەتای ساڵەوە تاکو ئێستا نزیکەی 600 هەزار پەنابەری سووری رووی لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە و مەزەندەش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بۆ 800 هەزار بەرزبێتەوە".
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا کە بڕیاربوو 160 هەزار پەنابەر بەسەر وڵاتەکاندا دابەش بکەن تاکو ئێستا تەنیا 19 پەنابەر لە ئیتاڵیاوە بۆ سوید نێردراوە.
جێگای باسە لە سەدا 90 رێژەی ئەو هاووڵاتییە سووریانەی کە لە ترسی گیانیان وڵاتیان جێهێشتووە لە تورکیا، ئەردەن، لوبنان و عێراق دا داڵدەدراون کە نزیکەی 2 ملیۆن سووری دەبێت.