Muhammet Ali Kemal
06 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
دوای ئەوەی ژمارەی پەنابەرانی نێو كەمپەكان لەشاری ئیدۆمێنی باكووری یۆنان سەر سنووری مەقدۆنیا ١٢ هەزاری تێپەڕاند، رێكخەری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بابار بالۆچ ئاماژەی بەوە كرد كە كێشەیان هەیە لەو خزمەتگوزارییانەدا كە پێشكەشی پەنابەران دەكرێت.
بالۆچ لە روونكردنەوەیەكدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند كە كەمپەكانی سەر سنوور توانای لەخۆگرتنی هەزار و ٦٠٠ كەسیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا زیاتر لە ١٢ هەزار كەس كە ژن و منداڵیشیان تێدایە لەو كەمپانەدا دەمێننەوە.
رێكخەری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە تووشی كێشەی زۆر بوونەتەوە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و خواردەمەنی بە پەنابەران. راشیگەیاند ''پەنابەرەكان زۆرینەیان لە عێراق و سووریاوە هاتوون. ئەوپەڕی تواناكانمان بەكارهێناوە و ئێستا لە دۆخێكی زۆر پەرێشانی چاوەڕوان نەكراوداین''.
لەلایەكی دیكەوە یەكێك لەو پەنابەرە سوورییانەی كە لە كەمپەكانی ئیدۆمێنیدا لە چاوەڕوانی بەردەوامە، عەبدولمەجیدە كە ماوەی ١٥ رۆژە لە كەمپەكەیە و رایگەیاند ''ئەو خێوەتەی تێیدا دەمێنینەوە خۆمان كڕیومانە. ئەو كەلوپەلانەمان كە لەژێر باراندا تەڕ دەبێت، خۆمان وشكی دەكەینەوە''.
ئەو پەنابەرە جەختی لەوەكردەوە كە هیوای بۆ ژیانێكی باشتر لە وڵاتانی ئەورووپا لەدەست نەداوە و باسی لەوەش كرد كە پەنابەران لە ریزی دوور و درێژدا دەوەستن بۆ ئەوەی خواردەمەنی و خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشكەش بكرێت و بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی پەنابەرانەوە ناتوانن لێی سوودمەند بن و ناچاردەبن بە تواناكانی خۆیان ئەو خزمەتگوزارییانە دابین بكەن.
ئەوە راگەیەنرا كە سەرەڕای بوونی كەمپەكانی پەنابەران لە دووری چەند كیلۆمەترێكەوە لە شاری ئیدۆمێنی باكووری یۆنان، بەڵام پەنابەران بە ئومێدی گەیشتن بە مەقدۆنیا، لەناوچەكانی نزیك لە سنوورەكانی ئەو وڵاتە چاوەڕێ دەكەن.