Rewa Mahmut Hasan
07 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
باڵیۆزانی سوید و نەرویج و دانیمارک لە ئەسینا سەردانی کەمپی پەنابەرانیان کرد لە ئیدۆمێنی و لەو کاتەدا چەند پەنابەرێک ناڕەزاییان نواند و رێگەی چوون بۆ کەمپەکەیان داخست.
بەمەبەستی ئاگاداریی لە رەوشی پەنابەرانی کەمپی ئیدۆمێنی، هەریەک لە باڵیۆزی سوید چارلۆتە ورانگبەرگ، باڵیۆزی نەرویج جۆرن ئەوگەنە، باڵیۆزی دانیمارک مایکل براد لە ئەسینا سەردانی کەمپەکەیان کرد بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا، هەندێک لە پەنابەرانی ناو کەمپەکە رێگەی دەرچوونیان لەو بەرپرسانە گرت.
لەدوای ئەو ناڕەزایەتییەش ژمارەیەکی زۆری هێزی ئەمنی لە کەمپەکە جێگیر کران و دوای دوو سەعات، رێگەکەیان کردەوە.
پەنابەران ئاماژەیان بەوە دا کە بەرپرسان وەک گەشتیار سەردانیان دەکەن و وێنەی یادگاریان لەگەڵدا دەگرن و هیچ چارەسەرییەکیان بۆ گۆڕانی دۆخەکە پێ نییە.
کەمپی ئیدۆمێنی دەکەوێتە نزیک سنووری مەقدۆنیا و زیاتر لە ١٠ هەزار پەنابەری لێیە و رێگەیان پێ نادرێت کە لە سنوورەکان بپەڕنەوە.