hajar rashid
07 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
پێشمەرگەیەك لە فەوجی دووی لیوای دووی سرییەی هێزەكانی پێشمەرگە لەبەرزاییەكانی مامە لە رۆژئاوای كەركووك سالار جەوهەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئێمە ماوەی دوو ساڵە لەم ناوچەیەین و بەبەردەوامی پاراستوومانە لە دەستی تیرۆریستانی داعش ماوەیەك هاووڵاتییانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەستیان كردووە بەهەڵاتن لە حەویجەوە بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە كە دێنە ئێرە ئێمە هاوكارییان دەكەین و نان و خواردنیان دەدەینێ تەنانەت پێشمەرگە هەبووە بڕی 1250 دیناری لە گیرفان بووە بەناچاری چووە داویەتی بە پسكیت بۆ ئەو منداڵانەی كە هەڵاتوون چونكە هەموویان برسین كە دێن".
ئەو پێشمەرگەیە گوتی: "وەكو خۆیان باسی لێوە دەكەن ژیان زۆر سەخت بووە و داعش هەموو شتێكی كردووە بە سزا و دواتر لە زەوییە كشتوكاڵییەكانیشدا نیوەی بۆ تیرۆریستانی داعش دەبێت و هەركەسێك ریشی نەبێت سزا و غەرامە دەكرێت".
ئەو پێشمەرگەیە دەڵێت "زۆر جار خەڵكی خراپیان تێدایە و دەیانەوێت لەڕێگەی ئەوانەوە دزە بكەنە نێو كەركووكەوە ئێمە لە نێو ئەو خێزانانەی ئێستا هاتونەتە سەنگەرەكانمان دوو تیرۆریستی داعشمان دەستگیر كرد و دواتر دامانە بەسەرووی خۆمان بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ بكەن".
یەكێك لەو كەسانەی هەڵاتبوون لە ژێر دەستی داعش مەجید خەلیل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ژیان لە نێو تیرۆریستانی داعش زۆر سەختە و هەموومان مردوین لە برسا و بەڕاستی ئەزیتمان خوارد بە دەستی تیرۆریستانی داعش چونكە ئەو كەسەی مەڕوماڵاتی هەبێت دێن لێوەردەگرن و دەیبەن بۆ خۆیان دواتر لە زەوییە كشتوكاڵیەكانیش داوای نیوەمان لێدەكەن و بەناچاریش ئێمە دەیان دەینێ چونكە ئەگەر نەیدەیت دڵنیابە دەتكوژن ئێستا هیچ كارێك نەماوە لە حەویجە و برسێتیەكی زۆر هەیە لەو شارۆچكەیە".
ئەو ئاوارییە دەڵێت "نرخی هەموو شتێك بەرز بۆتەوە لەوانەیش ئەگەر بتەوێت فەردەیەك برنج بكڕیت بۆ ماڵەوە دەبێت 45 هەزار دینار بدەیت ئەو كات دەتوانیت برنج بخۆیت ئەویش توانای كڕین نەماوە چونكە كەس پارەی پێنیە و ئەوەتا خۆم منداڵەكەم ماوەی مانگێكە دەبێت پێڵاوی بۆ بكڕم توانام نییە لە بەر بێكاری و سەختی ژیان لە حەویجە".
یەكێكی دیكەی لەو ئاوارانە كەپێشتر لە پاریزگەی سەڵاحەدینەوە هەڵاتبوونە حەویجە و لەوێ مابوونەوە وجدییە عومەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئافرەتان ناتوانن بەبێ شاردنەوەی رووخساری بچنە دەرەوە ئەگەر بەبێ پۆشاكی رووخساری بڕواتە پێش دەرگای ماڵەكەی خۆشیان لە بەرانبەردا باوكی یاخود براكەی سزای لێدان (جەڵدەی) بەسەردا دەسەپێنن ئەمە جیا لەوەی نەپارە ماوە نەخواردن هەیە بۆیە ئێستا دەمانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگای سەڵاحەدین".
گوتی: "گەنجەكان ناتوانن لە ماڵەوە بێنە دەرەوە چونكە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە سەریان دەبڕن بۆنموونە گەنجێكیان لە نێو حەویجە سەربڕی لەبەر ئەوەی ریشی تاشی بووە كە بچێت بۆ گەشت كردن پاش ئەوەی بردیان لە ناوچەی حەمرین كوشتیان سەریان بۆ دایكی هێنایەوە و رێگەشیان نەدا پرسەی بۆ دابنرێت".
ئەو ئافرەتە هەڵاتووەی ژێر دەسەڵاتی داعش دەڵیت "لە حەویجەوە تاكو سەنگەرەكانی پێشمەرگە ماوەی 15 كاتژمێر بە پیادە هاتووین كە بەشێك لەو كەسانەی گەیشتونەتە لای پیشمەرگە بەتەمەن و منداڵن كە زۆر ئەستەم بوو بۆ ئەوان لە رێگەش نەخواردن و نەخواردنەوە هیچ شتێك نەبوو ئەگەر پێشمەرگەكان فریامان نەكەونایە ئەوە بەشێكمان لە برسێتی و بێ ئاوی دەمردین".
ئەو خێزانانەی هاتبوون لە حەویجەوە ژمارەیان 35 خێزان بوون لە منداڵ و ئافرەت و پیاو پێكهاتبوون كە کۆی گشتی ئەو خێزانانە 189 كەس بوون و خۆیان گەیاندووەتە هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرزاییەكانی مامە لە رۆژئاوای كەركووك.