Mazın Asad
08 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2016
سکرتێری گشتی ناتۆ، ژەنس ستۆلتەنبەرگ لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی پەنابەران رایگەیاند چالاکییەکانمان لە ئاوەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەین. بەو ھۆیەوە ئەمڕۆ ناتۆ دەست بە چالاکییەکانی لە دەریا ئیجە دەکات.
دوای دیداری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو و سکرتێری گشتیی ناتۆ، ژەنس ستۆلتەنبەرگ لە بارەگای گشتیی ناتۆ، کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز کرا.
ستۆلتەنبەرگ ئاماژەی بەوە دا کە لە دیدارەکەی لەگەڵ داودئۆغڵو بابەتی کێشەکانی سنووری باشووری تورکیا خراوەتە بەرباس و راشیگەیاند لەگەڵ تورکیا لە ھەماھەنگیدان.
سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا میوانداری زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن پەنابەر دەکات وگوتیشی: "ناتۆ لەوبارەیەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات. لە پێناو ناردنی کەشتییەکان بۆ دەریای ئیجە بەپەلە بڕیارێکمان دەرکرد. کەشتییەکانمان زانیاری کۆدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردن. لە کۆتایی ھەفتەی رابردوو، بڕیارمان دا ھەوڵەکانمان لە پێناو چارەسەری قەیرانی پەنابەران پتر بکەین. چالاکییەکانمان لە ئاوەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەین. بەو ھۆیەوە ئەمڕۆ ناتۆ دەست بە چالاکییەکانی لە دەریا ئیجە دەکات. ھەماھەنگیمان لەگەڵ ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فرانتکس) فراوان دەکەین و ھەروەھا رێژەی کەشتییەکانیشمان زیاد دەکەین".
ستۆلتەنبەرگ لەبارەی ھەوڵەکانی تورکیا و یۆنان بۆ پەیڕەوکردنی بڕیارەکە، ستایشی ھەردوو وڵاتی کرد و راشیگەیاند بۆ رێگریکردن لە قاچاغچێتی مرۆڤ، کەشتییەکانی ناتۆ لە دەریای ئیجە جێگیر کراون.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە لەگەڵ داودئۆغڵو بڕیاریان داوە ناتۆ چالاکییەکانی لە رووی ھەواڵگری، چاودێری و لێکۆڵینەوە لە سنوور تورکیا-سووریا چڕ بکاتەوە و زیاتر گوتیشی: "نیگەرانین لە چالاکییەکانی رووسیا لە سووریا و رۆژھەڵاتی دەریای سپی. رووسیا بە چالاکییە سەربازییەکانییەوە قەیرانی مرۆیی لە سووریا ئاڵۆزتر دەکات و بەھۆیەوە رێخۆشکەر دەبێت بۆ ھاتنی لێشاوی پەنابەران بۆ تورکیا و ھەروەھا دەبێتە ھۆی پێشێلکردنی کایەی ئاسمانی ناتۆ".