جنێف
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە چوار ساڵ جارێک راپۆرتێک لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە، ئەو راپۆرتەی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و پەسەندکرا.
لە راپۆرتەکەدا باسی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئیسرائیل کراوە و چەند پێشنیازێکیشی بۆ ئیسرائیل کردووە لەوانە کارپێنەکردنی سزای لەسێدارەدان، یەکسانی نێوان ژن و پیاو، و دامەزراندنی دەزگەیەکی بێلایەن بۆ چاودێریکردنی مافی مرۆڤ و ھاوکاریکردنی ھەموو دەزگا نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ.
لە بەشێکی دیکەی پێشنیازەکانی راپۆرتەکەدا نوسراوە: "دەبێ ئیسرائیل یەکسانی لەنێوان ھەموو ھاوڵاتیانیدا دروستبکات و جیاوازیەکان نەھێڵێ و حکومەت واز لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان بھێنێت و کاری نایاسایی لە شوێنە پیرۆزەکانی مەسیحی و موسڵمانان رابگرێت و زیندانیانی فەلەستینی و سوری و عەرەبی ئازاد بکات و ھێزەکانی خۆی لە ناو خاکی فەلەستین و وڵاتە عەرەبیەکان بکشێنێتەوە و کۆتایی بە گەمارۆی سەر شاری غەززە بھێنێت و دروستکردنی خانوو لەسەر خاکی لەفلەستینیەکان بوەستێنێ و گوی لە یاسا و رێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێ."
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە ئیسرائیل مافی ھەیە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ وەڵامی رەخنە و پێشنیارەکانی راپۆرتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بداتەوە کە زیاتر لە ٢٣٠ رەخنە و داواکاری لەنێو راپۆرتەکەدا ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
بڕٍیار وابوو ئەمساڵ راپۆرتەکە لە ٢٩ کانوونی دوەمدا بەکۆتابێت؛ بەڵام لەبەر بایکۆتکردنی ئیسرائیل راپۆرتەکە دواکەوت.