Zana Natık Kerem
11 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2023
ھەولێر – AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە بەغدا بەجیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری کۆبووەیەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی.
راشیگەیاندووە کە لە میانی دیدارێکدا، ھەماھەنگییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێم لەسەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ کراوە.
ھاوکات نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە راگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نوری مالیکی پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی کردووە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، دوایین پێشھاتەکانی رەوشی سیاسیی و ئەمنیی عێراق تاوتوێ کراوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، نوری مالیکی ئاماژەی بەوەداوە کە گرنگە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر لەڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، ئەوەیش لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی سیاسیی.
لەلایەن خۆیەوە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھادی عامری پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی کردووە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی دیدارێکدا، دوایین پێشھاتەکانی رەوشی عێراق تاوتوێ کراوە، بەتایبەتی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
دوێنێ دووشەممە، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغدا.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت، رۆژی ھەشتی ئەم مانگە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لە میانیدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی عێراق ئەنجامدا.