Heman Hussein Yaseen
11 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2023
هەولێر - AA
مانگی ئاداری رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند کە دۆلار بە نرخی فەرمی نوێ بەرامبەر بەدینار دەفرۆشێت و ئاماژەی بەوەدابوو کە نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی، بە ھەزار و ٣٠٠ دینار دیاریی کراوە و فرۆشتنی یەک دۆلار بە بانکەکان لە رێگای سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بە ھەزار و ٣١٠ دینار دیاریی کراوە، ھەروەھا فرۆشتنی یەک دۆلار لە بانکەکاندا بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دیاریی کراوە.
دوای ئەوە بەردەوام بەهای دینار لە گۆڕانکارییدایە و لە ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا بۆ یەکەمجار نرخی پێوانەیی تۆمار کرد بەراورد بە شەش مانگی رابردوودا و بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لەنێوان ١٤٢- ١٤٣هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی عێراق رۆژانە بڕێکی زۆر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام خەڵکێک هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی دڵەڕاوکێ دروست دەکات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، کەیفی خۆشناو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەرچی حکوومەتی عێراقی بڕیاریداوە کە بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێک ١٣٢ هەزار دیناری عێراقی بێت و لەم چوارچێوەیەشدا رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخاتە بازاڕ، بەڵام خەڵکێک هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی دڵەڕاوکێ لە بازاڕ دروست دەکات، بەڵام چارەنووسی ١٠٠ دۆلار، هەر ١٣٢ هەزار دیناری عێراقییە".
کەیفی خۆشناو پێشبینی ئەوەش دەکات کە دوای جەژنی رەمەزان بەهای دینار بەرزتر بێتەوە و بگاتە ئەو بەهای کە حکوومەتی عێراق دیاریی کردووە و لەمبارەیەوە گوتی: "تا حکوومەتی عێراق لەسەر بڕیارەکەی خۆی بەردەوام بێت ئەوا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت دوای جەژن بەهای دینار تەواو بەرزبێتەوە و بگاتە ئەو ئاستەی کە حکوومەتی عێراق دیاریی کردووە".
هاوکات کاسبکارێکی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ گرتنەبەری چەند رێکارێکی حکوومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەرزبوونەوەی بەهای دینار کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕ بە گشتی دروست دەکات.
کاسبکار لە بازاڕی دراو، سەعدی عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بەهای دینار کەمێک بەرزبووەوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتی عێراق چەند رێکارێکی گرتووەتەبەر و بڕیاریداوە کە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبێتەوە و ئەمەش پێویستی بە کاتە، بەڵام وەک دەبینین خەڵک زیاتر بۆ خستنەڕووی دۆلار هاتووەتە بازاڕ، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار خێراتر بێت".
سەعدی عەلی گوتیشی: "ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر کۆی بازاڕ دروست کردووە، چونکە بە گشتی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕ بە دۆلارە هەر بۆیەش وەک دەبینین کاریگەری تەواوی لەسەر بازاڕ هەیە".
بە پێشبینی سەعدی عەلی بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێک دەگاتە خوار ١٤٠ هەزار دیناری عێراقی و لەمبارەیەوە گوتی: "نزیکەی حەوت مانگ دەبێت بەهای دینار نەگەیشتووەتە ئەم شوێنە، پێشبینی دەکەین کە بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێک بگاتە ژێر ١٤٠ هەزار دینار، چونکە ئەوەی ئێستا تێبینمان کردووە، خستنەڕووی دۆلار زیاترە لە خواست، هەر بۆیەش ئەمە وایکردووە کە بەهای دینار بەرزبێتەوە".
بانکی ناوەندیی عێراق لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بڕیاری دا، بەھای ھەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە ١١٨ ھەزار دیناری عێراقییەوە بەرزبکاتەوە بۆ ١٤٦ ھەزار دینار ئەو بڕیارەش ھەرچەندە بووە ھۆی زیادبوونی داھاتی ناوخۆ، بەڵام لە ھەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا بەرزکردەوە و دڵەڕاوکێی لە بۆرسەی بازاڕی شارەکاندا دروست کردووە.