Sarmand Hameed
11 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی كرد و ئەژی ئەمین-ی وەك سەرۆكی دەزگای زانیاری ناساند.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە ١١ی تەمووز لە دەباشان ئەنجامدرا، قوباد تاڵەبانی پاش ئەوەی سەرۆكی نوێی دەزگای زانیاری ناساند، داوای لە لایەنە ئەمنییەكان كرد كە ئەركی ئەوانە بەردەوام بن لە پاراستنی ئارامی و ئەو ھەماھەنگییەی كە ھەیە پتەوتر بێت و بەردەوامی پێبدەن.
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو لایەنە ئەمنییانە نابێت بەھیچ شێوەیەك دەستوەردەنە كاروباری سیاسی بەڵكو دەبێت دڵنیایی بە ھاووڵاتییان بدەن لە سەقامگیری ئارامی.
لەكۆبوونەوەكەدا، وەزیری كاروباری پێشمەرگە و سەرۆکی دەزگای ئاسایش و بریكاری وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی و بەرێوبەری پۆلیسی سلێمانی و فەرماندەی لیوای پاراستنی سلێمانی ئامادەی بوون.