Abdullah Abdulmanaf Shukur
10 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی شنگال رایگەیاند کە ئەوان ھیوا دەخوزان بەھۆی ئەم رێککەوتنەوە رەگ و ریشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، پەکەکە و درێژکراوەکانی دەربھێنرێت و سەقامگیری و ئاسایش لەناوچەکەدا دەستەبەر بکرێت.
فاتح یڵدز لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێکی لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و ھەرێم لەسەر پرسی شنگال بڵاوکرەوە.
فاتح یڵدز رایگەیاند کە بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ لەبارەی ئەو رێککەوتنە دەکەنەوە.
فاتح یڵدز نووسیوویەتی: "ھیواخوازین بەم رێککەوتنە دووبارە دەسەڵاتی فیدرالی عێراق لە شنگال جێگیر بگرێت و رەگ و ریشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، پەکەکە و درێژکراوەکانی لە ناوچەکەدا دەربھێنرێت".
فاتح یڵدز ھیوای ئەوەیشی خواستووە کە ئاسانکاری بکرێت لە گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان و خەڵکی ناوچەکە بۆ سەر ماڵ و خاکی خۆیان کە رووبەڕووی ستەم و گوشاری زۆر بوونەتەوە.
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز راشیگەیاند کە ئەوان ئامادەی ھەماھەنگیکردنن لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە شنگال و ناوچەکەکانی دیکەی عێراق کە رێکخراوی تیرۆریستی تیایدا سەریھەڵداوە.
دوێنی ھەینی، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاستخارت، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی باردۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شارەکە لە نێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژووکرا.