Murat Kaya
01 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2015
گول، بەمەبەستی دەنگدان رووی كردە بنكەی دەنگدان لە قوتابخانەی ناوەندی بەیكۆز چوبوكڵو، لەگەڵ هاووڵاتییان كەوتە گفتوگۆ. دوای دۆزینەوەی سندووقی ژمارە ١١٣٧ وەكو دەنگدەرانی دیكە ریزی گرت، لەكاتی خستنە ناوەوەی كارتی دەنگدان گوتی: "خێری پێوە بێت".
عەبدوڵڵا گول دوای دەنگدانی، لەكارمەندانی بنكەكانی پرسی كەرێژەی بەشداربووان چەندە و لەچاو هەڵبژاردنەكانی پێشوو چۆنە.
گول، دوای گفتوگۆیەكی كورت لێدوانی بۆ راگەیاندنكاران دا و گوتی: "ئەمڕۆ گەل خۆی بڕیار دەدات. هەموو كەس دەنگی خۆی دەدات. یاخوا خێری پێوەبێت. وڵات پێویستی بەئارامی و سەقامگیرییە. خوازیارم هەموو شتێك بەرەو باشی بڕوات بەڕێوە".
گول لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكدا كەپرسی "ئەگەر دیسانەوە ئەگەری هاوپەیمانی هاتەوە گۆڕێ، چۆن دەبێت؟" گوتی: "من ئێستا نازانم، با جارێ ئەنجامەكان دەربكەون. دوای ئەوە چی پێویست بێ بۆ وڵات، هەموو كەسێك ئەوە دەكات. خێری پێوە بێت".