Seval Güler,Hemın Othman Mohammed
11 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا و لە یەکەمین خولی دەنگدان لەسەر گەڵاڵەی گۆڕانکاری دەستوور، دووەمین ماددەی گەڵاڵەکراو ٣٤٣ دەنگی پەسەند و، ١٣٣ دەنگی رەتکردنەوەی لەسەر درا.
لەو دەنگدانە نھێنییەی ئەنجوومەنی گشتییدا، ٤٨٠ پەرلەمانتار بەشداریان کرد.
لە دەنگدانەکەدا ٣٤٣ دەنگی پەسەند، ١٣٣ دەنگی رەت، یەک دەنگی کشانەوە، دوو دەنگی بۆش و دەنگێکی ئەژمارنەکراو بەکارھێنرا.
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەحمەد ئایدن لە کاتی دەنگدانەکەدا ناو بەناو پەرلەمانتارانی ئاگادار دەکردەوە لە چاوەڕوانیان لەبەردەم کابینە و سندوقەکاندا.
ھاوکات سەبارەت بەدەنگدانی نھێنیی دەمەقاڵەیەکی کورت لەنێوان ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئاک پارتی و پەرلەمانتاری جەھەپەدا دروستبوو.
دووەمین ماددەی گەڵاڵەکراو پێشنیاز دەکات ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمانتارەوە بکرێتە ٦٠٠ پەرلەمانتار.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدان لەسەر دووەمین ماددە، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان، ئەحمەد ئایدن پشوویەکی دا بەپەرلەمانتاران، بەڵام بەھۆی دانەنیشتنی کۆمسیۆن و حکوومەت لە جێگەی خۆیان بریکاری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەداخستنی دانیشتنەکە کرد و رایگەیاند کە دانیشتنەکە کاتژمێر ١٤:٠٠ رۆژی چوارشەممە دەستپێدەکاتەوە.
لەم نێوەندەدا، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپە، ئەنگین ئاڵتای داوای مۆڵەتی قسەکردنی کرد، بەڵام بریکاری سەرۆکی پەرلەمان، ئەحمەد ئایدن داواکارییەکەی لەبەرچاو نەگرت و کۆبوونەوەکەی داخست، بەو ھۆیەشەوە ئاڵتای کاردانەوەی نیشاندا.