Hemin Hüseyin
04 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2017
کەرکووك ــ AA
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بەزۆرینەی دەنگ، ئەنجامدانی گشتپرسی لە بارەی چارەنووسی پارێزگاکە پەسەند کرد.
کوتلەکانی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد بەھۆی ئەوەی کە تیایدا پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی لەبارەی چارەنووسی پارێزگاکە تاتوێ دەکرێت.
لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ئامادە نەبوون و گوتیشی: "ئەندامانی ھەردوو کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك گوتیشی: "پێویستە ئەندامیەتی ئەو ئەندامانە ھەڵپسپێردرێت کە بێ پاساو ئامادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا نابن".
رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "سیاسەتی نەوت و گەڕانەوەی کەرکووك بۆسەر ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاریان لەسەر دەدات".
لە دانیشتنەکەدا، بەزۆرینەی دەنگ، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی داگرتنی ئاڵای کوردستان لەسەر باڵەخانەکانی حکوومی لە کەرکووك رەتکرایەوە.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، رێبوار تاڵەبانی گوتی: "لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا بە زۆرینەی دەنگ ئەوە پەسەندکرا کە دەبێت حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە جێبەجێکردنی گشتپرسی لە شاری کەرکووك بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بۆیە داوا دەکەین لە پەرلەمانی عێراق و لە سەرۆکوەزیران کە لایەنی جێبەجێکارە و لە ماددەی ١٤٠ ئەو دەستنیشانکراوە وەکو دەسەڵاتی جێبەجێکاریی کە پابەندی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بن".
رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "خەڵکی کەرکووك لەوە زیاتر بەرگەی دواکەوتنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ناگرێت، بۆیە ئەمڕۆ بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی کەرکووك دەنگ لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی درا".