Sarmand Hameed
11 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2017
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند وڵاتەکەی لە شەڕی دژ بە داعش لە باکووری و رۆژئاوای عێراق، ١٠٠ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە شاری کەربەلا بەشداری لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسەین کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
لەبارەی ئەو زەرەر و زیانانەی بەهۆی شەڕی دژ بە داعش بەر عێراق کەوت، حەیدر عەبادی گوتی: "عێراق ١٠٠ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوت لە شەڕەکانی دژ بە داعش، بەڵام لە سێ شەڕدا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، کە ئەوانیش رزگارکردنی خاک و پارێزگاری لە یەکێتی عێراق و وەستانەوە بەڕووی هەڕەشەکان بوو".
لەبارەی قەیرانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "پێویستمان بەنێوەندگیری نییە لەگەڵ گەڵی کوردمان، پێشمەرگە هەستی نیشتمانپەروەری هەیە، بەداخەوەم بە تۆمەتبارکردنی ئەوانەی شەڕیان دژ سوپای عێراق نەکرد، بەخیانەتکار".
لەبارەی پرسە هەرێمییەکان عەبادی روونیکردەوە کە ئەو سەردانەی کە مانگی رابردوو بۆ سعوودیە ئەنجامی دا بۆ موجامەلە کردن نەبووە، بەڵکو بۆ دەستپێکردنی کاری راستەقینە بوو لەپیناو سەروەری عێراق.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی جەختی کردەوە لەوەی کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و بڕە پارەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دابینکراوە و جارێکی دیکەش ئەوەی دووپات کردەوە کە ناکرێت حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن.