سلێمانی ـ AA
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە دیمانەیەكی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دوایین گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و دەرەنجامی ریفراندۆم، چارەسەری دۆخی ئێستای هەرێم، ئەنجامی پشتگوێخستنی داواكاری وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم، چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، بوونی هێزی بیانی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دانانی شوێنگرەوەی پەرلەمانتاری كۆچكردوو، شوان قەڵادزەیی لە پەرلەمانی كوردستان دەكات.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەرەتا و لە بارەی پرسی ریفراندۆمەوە دوا و گوتی: "لەسەر پرسی ریفراندۆم پێشتریش چەند جارێك باسمان كرد و داوامان كرد ریفراندۆم وەك چەكێكی دیپلۆماسی بەكاربێت. لە دانیشتنەكانی سەرۆكایەتی هەرێمیش پێش چوار ساڵ كە بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەكان ئەنجام دران، لەوێ راوبۆچوونی خۆمان گوتووە و گوتمان دەكرێت ئێمە ریفراندۆم یان هەر شتێكی تر بكەین بۆ بابەتی كۆنفیدراڵی سوودی لێوەربگرین نەوەك بۆ بابەتی سەربەخۆیی، چونكە سەربەخۆیی سیستمی ئیقلیمی و جیهانی قبووڵی ناكات، دواتر ئەو سیستمەی خۆشمان كە هەمانە سیستمێكی شلە و بەرگەی هیچ قەیرانێك ناگرێت لە قەیرانی ئەمنی و سەربازی و ئابووری، ئەنجامەكەشمان بینی كە وابوو".
ئەو گوتی: "چەندە دۆخە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكە فشاریان هەبووە لەسەر دۆخی هەرێم، بەڵام خودی سیستمەكەی هەرێم كە هیچ ستراتیجییەتێكی بەرگری نەبوو بۆ خۆی، ئەوە بووە هۆی ئەوەی ئەو شپرزەییە لە ماڵی كورددا دروست ببێت و بەو شێوازەمان لێبێت كە لێمان هات".
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەشی گوت "لە پێش ریفراندۆم هەموو دنیا ئاگاداری هەرێمی كوردستانیان كرد كە لەم قۆناغەدا ئەوە نابێت، ئەو هۆشدارییەش لە وڵاتانی دراوسێ و ئەمریكا و ئەورووپا بەتایبەت توركیا درا و وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیرانی تریش هاتن و قسە كرا لەو بارەیەوە، بەڵام بۆ بەم ئاقارەدا رۆشت ئەوا ئێمە ئاگادار نین.
ئێستاش ئەو دۆخە گۆڕاوە و گۆڕانكارییەك بووە لە كوردستان و هەرێم ئەوەی قبووڵ كردووە، بابەتی كەركووك یەكێك بوو لە كێشە هەرە گەورەكان لەگەڵ بەغدا، ئێستا كێشەی كەركووك گەڕاوەتەوە بەغدا، حكوومەتی هەرێمیش تاڕادەیەك ئەوەی قبووڵكردووە كە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان حكوومەتی بەغدا سەرپەرشتیان بكات تا دادگا یەكلایان دەكاتەوە، ئێستا ئەم سنوورەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی تیادایە حكوومەتێكە ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێ هیچ تێبینییەكیان لەسەری نییە، لەسەر خودی هەرێمەكەش تێبینیان نییە، بۆیە دەكرێت هەنگاوەكان بگیرێنە بەر و دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە كە بەرەو ئاساییبوونەوەش هەنگاو دەنێت، ئەوەی ماوە تەنها بەغدایە كە گوشارێكی زۆری لەسەرە لە لایەن حەشدی شەعبی و ئەو هێزانەی كە پشتیوانی حەشدی شەعبی دەكەن كە ئەوان حەز ناكەن تەنانەت هەرێمیش هەبێت".
بەرپرسی یەكەمی ئەو حزبە ئیسلامییەی هەرێمی كوردستان لە بارەی داواكاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دوا و گوتی: "بابەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان جیاوازە لە بابەتی سڕكردن، حكوومەت خۆی دەتوانێت ئەنجامەكە سڕ بكات، بەڵام بۆ هەڵوەشاندنەوە، مێژوویەكە و رۆشتووە و گوزەراوە كە تازە حكوومەت ناتوانێت هەڵی بووەشێنێتەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی بەغدا ئەو پڕۆژەیەی وەستاندووە، ئەگەر حكوومەتی بەغدا بیەوێت دەست بە گفتوگۆ و دانوستان بكات لەگەڵ هەرێم ئەوا پێناچێت ئەوە كێشە بێت، چونكە ریفراندۆم سڕ كراوە و رەنگە ئەمریكا و دۆستەكانی تریش ئەوەیان بەلاوە باش بێت و بەلاوەیان خراپ نەبێت، نابێت بەغدا پێی وابێت لەم قۆناغەدا دژایەتیكردنی كورد بۆچوونەكانی لەناو ماڵی خۆی زیاد دەكات، هەروەها ئەوە بۆی دەبێتە سەركەوتنێكی گەورە بۆ خۆی تا لە پڕۆژەی هەڵبژاردنی داهاتوو بە قازانجی خۆی سوودی لێوەربگرێت، ئەو شتانە خراپە و لەماوەی 100 ساڵی رابردوو ناوەند بەو هۆیەوە كارێكی كردووە لەگەڵ هەرێم هیچ متمانەیەك نەمێنێت".
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە بارەی نیگەرانییەكانی توركیا لەسەر پرسی ریفراندۆم و تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەو هۆیەوە، هەروەها كاردانەوەكانی توركیا لە پاش ریفراندۆم دوا و گوتی: "سەرەتا ئێمە سوپاسی توركیا دەكەین كە ئەو هیچ هەنگاوێكی عەمەلی نەنا بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان زیانی لێبكات، ئەوەی كراوە تەنها گلەیی بووە لە رێگەی كەناڵەكانی تەلەڤیزیۆنەوە، هەقی خۆشیانە كە گلەیی بكەن، چونكە چەند جارێك هەرێمی كوردستانیان ئاگادار كردەوە لەوەی كە ریفراندۆم زیان بە هەرێم دەگەیەنێت، ئەوان گلەییان كردووە لەوانەش بەڕێز ئەردۆغان گلەیی كردووە، وەزیری دەرەوە گلەیی كردووە، بەڵام وەك هەنگاوی عەمەلی لەوەی دەروازە سنوورییەكان دابخەن یان فشار بخەنە سەر هەرێم لە رووی سەربازییەوە كە كۆمەڵێك شت بكەن، ئەوانەیان نەكردووە، بۆیە ئێمە لەو رووەوە سوپاسیان دەكەین، خەڵكی تر كردوویەتی بەڵام ئەوان نەیانكردووە".
ئەو هەروەها گوتی: "پێمان وایە لێدوانەكەی ئەم دواییەی ئیبراهیم كاڵن (گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا) لێدوانێكی زۆر ئیجابییە كە دەڵێت ئامادەین سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێتە توركیا و پێشوازی دەكەین، ئینشائەڵڵا ئومێدمان وایە ئەو پەیوەندییانە وەك جارانی لێبێتەوە و بەرەو باشتر بڕوات لە جاران و گەشە بكات".
لە بەشێكی تری دیمانەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵ رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە بارەی داواكاری چەند لایەنێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی رزگاری نیشتمانی، عیرفان عەبدولعەزیز لە وەڵامدا گوتی: "كێشەكە لەوەدایە حكوومەتی نیشتمانی كێ دروستی دەكات، كێشەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان سیستماتیكە واتە لە رووی سیستمەوە هەرێم سیستمێكی خراپی هەیە، ئەوەش دوو هێز لە هەرێمی كوردستان هەیە و بوونیان هەیە، ئەم دوو هێزە سەرباز و ئاسایشیان هەیە و پێگەیەكی خۆشیان هەیە لە سلێمانی و هەولێر، حكوومەت هەرچی بێت دەبێت ئەم دوو هێزە دروستی بكەن. لە دەرەوەی ئەو دوو هێزە هەر هێزێكی تر بێت حكوومەت دروست بكات ناتوانێت و ئەو حكوومەتە لە كوێ دادەنێت، لەبەر ئەوە كێشەی هەرێمی كوردستان كێشەی سیستماتیكە و وەك كێشەی دەوڵەتێكی تر لەوانەش یۆنان نییە كە چەند جار قەیرانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی سیستمێكی هەیە و دامەزراوەی خۆی هەیە لە سوپا و ئەوانە كێشەكانی چارەسەر بووە، بەڵام ئێمە نە دامەزراوەیەكمان هەیە بە ناوی سوپاوە نە دامەزراوەیەكمان هەیە بە ناوی ئەمنەوە، بۆیە لە هەرێمی كوردستان ناتوانرێت حكوومەتی رزگاری نیشتمانی دروست بكرێت، لەبەر ئەوەی شوێنێكی نییە تیایدا دابنرێت، هێزێكیش لە دەرەوەی ئەو دوو هێزە ئەگەر ئەو حكوومەتە دروست بكات بە ساوایی لەبار دەچێت، بۆیە ئەو هێزانەی ئێستا هەن ناچارن هەر ئەوان حكوومەت دروست بكەن، بەڵام دەكرێت دەموچاوەكان بگۆڕن و چاكسازی بكرێت، یان هەوڵ بدرێت لەو هەڵانەی كراوە سوود وەربگیرێت، ئەگینا ئەوەی باسی لێوەدەكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نیشتمانی لە سەرەتاوە لەبار چووە و ئەگەر ئەو دوو هێزە یارمەتی نەدەن شتی وا نابێت".
عیرفان عەبدولعەزیز بوونی هێزی دەرەكی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە زیان بۆ هەرێم ناو دەبات و هۆكاری گەشەكردنی ئەو هێزانەش بۆ لاوازی و ململانێی دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت "لە عێراقدا لە دوای رووداوەكانی 2003 تا ئەمڕۆ، چەندین هێز لەم وڵاتەدا هەیە. لە هێزی وڵاتانی دراوسێ یان هێزی وڵاتانی تر لە ئەورووپا و ئەمریكا لە عێراق بوونیان هەیە، ئەو هێزانەش زۆرجار نەگبەتیان هێناوە بۆ خەڵكی عێراق، لەم رووداوانەی دوایشدا ئەو هێزانە رۆڵێكی باشیان نەبوو بەرامبەر هەرێمی كوردستان، هەروەها هێزگەلێكی نا دەوڵەتی وەك پەكەكە یان هەر هێزێكی تر لە كوردستان وجوودیان هەبێت، ئەوەش موزاعەفاتی خۆی هەیە، چونكە ئێمە یەك لەو خاڵە بەهێزانەی كە باس كراوە دەبێت ئێمە دڵنیایی بدەینە دراوسێكان كە هەڕەشە نین بۆ ئەوان، یەك لەو دڵنیاییانەش ئەوەیە نابێت بهێڵیت لەناو هەرێمدا هێزێكی چەكدار هەبێت دژ بەو وڵاتە دراوسێیانە".
ئەو باسی لەوەش كرد، بوونی ئەو هێزانە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە هۆی بۆشایی هێزەوەیە لە لایەن دوو لایەنە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم، لەو بارەیەوە گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەگەر بۆشایی هێز هەبوو لە شوێنێكدا ئەوكات یەكێكی تر دێت پڕی دەكاتەوە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو ململانێیەی لە نێوان پارتی و یەكێتی لەماوەی رابردوودا هەبووە وای كردووە یان پەنا ببەنە بەر هێزێكی تر یان چاوبنوقێنن لە ئاست ئامادەیی هێزێكی تردا بۆ ئەوەی پشتیوانیان بێت دژ بە هێزەكەی تر، بێهێزی و ململانێی ئەم دوو هێزە وای كردووە هێزگەلێكی تر لە كوردستان بوونیان هەبێت كە ئەوەش بە خراپی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان دەشكێتەوە".
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بەرزكردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان لە دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بە شتێكی خراپ ناودەبات و دەڵێت "حكوومەت بۆ خۆی ئیدانەی ئەو كارەی كرد و رایگەیاند هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە، ئەگەر كەسێك ئەوەی كردبێت مانای وا نییە هەموو خەڵكی كوردستان وای كردبێت و خەڵكەكە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نییە".
لە كۆتایی دیمانەكەدا و سەبارەت بە پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتاری كۆچكردووی ئەو حزبە لە پەرلەمانی كوردستان، شوان قەڵادزەیی كە رۆژی 16ی مانگی رابردوو بە هۆی رووداوی ئۆتۆمبێلەوە لەسەر رێگای كەركوك - هەولێر گیانی لەدەستدا، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كە حزبەكەی خاوەنی یەك كورسی پەرلەمانە گوتی: "بەدڵنیاییەوە شوێنگرەوەی دادەنێین، مامۆستا شوان پیاوێك بوو هەموو پەرلەمان شاهێدی بۆ دەدەن لە چالاكی و خەمخۆرییەكەی، ئێمەش بە پێی یاسای پەرلەمان لە زووترین كاتدا شوێنەكەی پڕ دەكەینەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

