Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك دەستی پێكرد.
لە گوتەیەكدا كە كەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە گواستیەوە، حەیدەر عەبادی گوتی: "وەك وەفایەك بەو بەڵێنەی بە گەلەكەمان داوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی سەرجەم خاكی عێراق و پاككردنەوەی لە تیرۆریستانی داعش، قۆناغی یەكەم لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە رادەگەیەنن".
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە حەیدەر عەبادی لە قەزای مەخموور باشووری پارێزگای نەینەوا دوایین ئامادەكاری و پلانەکانی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە و بەشی رۆژهەڵاتی قەزای شەرگات سەربە پارێزگای سەڵاحەدینی لەگەڵ فەرماندەكانی سوپادا تاوتوێ كردبوو.
لای خۆیەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب جەبار حەسەن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە بەرلە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەدا، هێزەكانی پۆلیسی فیدرال و حەشدی شەعبی، حەشارگەكانی داعشیان لە حەویجە و بەشی رۆژهەڵاتی قەزای شەرگات تۆپباران كرد.
جەبار حەسەن هەروەها گوتی: "هەر لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، پشتیوانی ئاسمانیان بۆ هێزە عێراقییەكان دابین كرد كە زۆر بە وریایەوە بەرەو دەورووبەری قەزای حەویجە پێشڕەویی دەكەن".