Zana Natık Kerem
16 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، نزیكبووەتەوە.
ئەم لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا هات كە ئەمڕۆ سێشەممە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سازی كرد.
حەیدەر عەبادی گوتی: "لە ئێستادا ئامادەكارییە سەربازییەكان بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆلكردنەوەی قەزای تەلەعفەر بەڕێوەدەچن".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە رەزامەندی لەسەر ئەو پلانە سەربازییە نیشان داوە كە لە لایەن فەرماندە سەربازییەكان تایبەت بە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر دانراوە.
حەیدەر عەبادی گوتیشی: "لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەردا، سەرجەم هێزە ئەمنییەكان تیایدا بەشداری دەكەن و هێڵی سوور لەسەر هیچ لایەنێك نییە بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنەكە و چوونە ناو تەلەعفەر".
سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی كردەوە كە ئامانجی هێزە ئەمنییەكانی عێراق پاككردنەوەی سەرجەم ناوچەكانی وڵاتە لە تیرۆریستان و گوتی: "داعش پەنای بردووەتەوە بەر ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی لە دەرەوەی عێراق بۆ ئەوەی بوونی خۆی دوای شكستهێنانی لە شاری مووسڵ بسەلمێنێت".
ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسی بەدواداچوون لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی وشكانی سوپای عێراق، موقەدەم شەمسەددین محەمەد عەنبەری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە بە بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانكردن بۆ سەر پێگەكانی داعش، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر دەستی پێكرد.