Zana Natık Kerem
16 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2018
بەغدا ــ AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا کە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی تەمەن، محەمەد زینی بەڕێوەچوو، کاندیدی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشیر حەداد-ی بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژارد.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، کاندیدی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورستان، بەشیر حەداد لە کۆی ٢٨٢ ئەندام کە لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون، دەنگی ١٨٥ ئەندامی بەدەستھێناوە و کاندیدی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، ئەحمەد حاجی رەشید، ٥٣ دەنگی بەدەستھێناوە، ھەروەھا ١٦ دەنگ بەتاڵ بووە و ٢٨ دەنگیش پووچەڵکراونەتەوە.
دوێنێ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، کاندیدی ھاوپەیمانی "میحوەری نیشتمانی" کە زۆربەی لایەنە سوننەکان لەخۆدەگرێت، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمان و کاندیدی ھاوپەیمانی سائیرون، حەسەن کەریم بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نونێەران ھەڵبژارد.