Sangar Hamad Azeez
05 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2018
بەغدا - AA
حکوومەتی عێراق پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی تورکیا کرد بەهۆی کردنە ئامانجی سەربازانی سوپای تورکیا لە پارێزگای باتمان کە گیان لەدەستدانی هەشت سەرباز و بریندار بوونی سەربازێکی دیکەی لێکەوتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد مەحجوب لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات كە کرایە سەر سەربازانی سوپای تورکیا لە پارێزگای باتمان و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک سەرباز".
ئەحمەد مەحجوب جەختی لەوە کردووتەوە کە عێراق لەژێر هەر ناوێک بێت دژ بە تیرۆر و توندوتیژی دەوستێتەوە و رایگەیاندووە "بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و کارێکی هاوبەشین لەگەڵ تورکیای هاوسنوور".
جێی ئاماژەیەوە دوێنێ پێنجشەممە لە ئاکامی تەقینەوەی مینێک کە لە لایەن تیرۆریستانەوە لەسەر رێگایەکی ناوچەی گەرجوش لە پارێزگای باتمان چێنرابوو، هەشت سەرباز گیانیان لەدەستدا و سەربازێکی دیکە بریندار بوو.
دوای تەقینەوەکە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەکە دەستپێکرد بەمەبەستی دەستگیرکردنی تیرۆریستان.