Azat Muhammet
08 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2017
سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالش، شێخ شامۆ رایگەیاند "دەیان رێکخراوى نێودەوڵەتى لە وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکا بنکە و بارەگانی خۆیان لە شنگال جێگیر کرد بۆ ئەوەى شارۆچکە وێرانەکە ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام بەهۆى هەڕەشەکانى پەکەکە لەسەریان و دواتر دروستکردنى شەڕ لە دژى پێشمەرگە لە کۆمەڵگەى خانەسۆرى سەربە شارەدێى سنوونێ لە سنوورى شارۆچکەى شنگال، تەواوى ئەو رێکخراوانەى بۆ ئاوەدانکردنەوەى شنگال هاتبوون گەڕانەوە و لە شنگال دەرچوون، پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەى شارۆچکەکەشیان بۆ ئەو کاتە هەڵپەساردووە کە پەکەکە لە شنگال دەربچێت".
سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالش، شێخ شامۆ لە مەزارگەى لالشى کوردانى ئێزدى لە شارۆچکەى شێخان لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پەکەکە جێبەجێکار و تەواوکارى پیلانگێڕییەکانى حەشدى شەعبى و ئێرانە لە شنگال، ئێستاشى لەگەڵدا بیت هاتوچۆ و هاوکارى سەربازیى و مرۆیی لە نێوانیان بەردەوامە، تەنانەت رۆژانە جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕى سەربازىی لە سووریاوە بۆ شنگال و بە پێچەوانەشەوە ئەنجام دەدەن، ئاشکرایە ئەگەر ئێران، عێراق و حەشدى شەعبى نەبێت دەرکردنى پەکەکە لە شنگال بەو چەشنە ئەستەم نابێت".
شامۆ داوا لە هاوپەیمان دەکات بە هاناى شارۆچکەى شنگال و کوردانى ئێزدى بێن و شانبەشانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵەکانیان چڕ بکاتەوە بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال، دەشڵێت "ئەگەر پەکەکە لەو داگیرکارییەى شنگال بەردەوام بێت، لەو باوەڕەدام هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژبە داعش بە رابەرایەتى ئەمریکا دژى پەکەکە بوەستنەوە و هێز بەکاردەهێنن بۆ دەرخستنى پەکەکە لە شارۆچکەکە".
سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالش گوتیشى: "بەپێى ئەو داتایانەی بە دەست ئێمە گەیشتووە چەکدارانى پەکەکە زیاتر لە ٥٠٠ کوردى ئێزدییان رفاندووە کە هەموو رفێنراوان لە منداڵ و کچن و بە زۆرەملێ چەکدار کراون و مەشق و راهێنانیان پێکراوە لەلایەن پەکەکە، بەجۆرێک پەروەردە کراون کە هاوشێوەى داعش دژى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە بوەستنەوە، بەداخەوە هەر جۆرێک بێت دەتوانین لە دەست داعش کچ، منداڵ و ژنەکانمان رزگار بکەین، بەڵام لەگەڵ پەکەکە ئەو دەرفەتەش نییە".
- "پەکەکە شنگالى کردووەتە کارگەى بەرهەم هێنانى تیرۆر"
شێخ شامۆ نیگەرانە لەوەى شنگال لە دۆخێکى ئاڵۆز و هەستیار ماوەتەوە و دەشڵێت "پەکەکە شنگالى کردووەتەوە لانەى دژایەتیکردنى تەواوى مرۆڤایەتى، گەنج و منداڵان لەسەر ئایدۆلۆجیایەکى چەوت پەروەردە دەکات. هەڵکەوتەى جوگرافی قۆستووەتەوە بۆ دروستکردنى ئاڵۆزى و هەڕەشە لەسەر هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە".
گوتیشى: "پەکەکە بازرگانى بە مرۆڤ، ماددەى هۆشبەر، چەک، تەقەمەنى و جۆرەها کەلوپەلى دیکەى زیانبەخش دەکات لە نێوان سووریا و شنگال، ئێستا شنگال وەک شارۆچکەیەکى سنوورى لە نێوان عێراق و سووریا بووەتە تاکە دەرگاى قاچاغچییەتى چەکدارانى پەکەکە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەر شتێک زیان بە مرۆڤ و ئاستى هۆشیارى کۆمەڵگە بگەیەنێت پەکەکە پشتى پێ دەبەستێت".
شامۆ ئەوەیشى گوت "هۆکارى سەرەکى نەگەڕانەوەى ئاوارەکانى شنگال بوونى پەکەکەیە، چونکە پەکەکە لە سنوورەکە سیاسەتى هەڕەشەکردن و ترساندن بەکاردەهێنێت، هەر کەسێک دژى سیاسەتى ئەوان بوەستێتەوە رووبەڕووى لوولەى تفەنگى دەکەنەوە بە دوورى ناگرین بشکوژرێن".
ئاماژەى بەوەشدا کە پەکەکە بەکرێگیراوى ئێرانە و ئەجێنداى ئێران لە شنگال بەجێ دەگەیەنێت ئەجێنداى سەرەکیشیان دژایەتى کردنى هەرێمى کوردستان و پێشمەرگەیە، ئەمەش لە پێناو ئەوەیە شنگال نەگەرێتەوە سەر هەرێمى کوردستان بەڵکو لەپاڵ عێراق بمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا ناوبراو رووى قسەکانى دەکاتە حکوومەتى عێراق و دەڵێت "هەموو بەڵینەکانى حکوومەتى عێراق لە مەرەکەبى سەر کاغەز هیچى دیکە نەبوون تا ئێستا، شنگال زیاتر لە هەموو شارێک وێران بووە، بەڵام وەک دەبینین ئەوەى بۆ گەیارە و ئەنبار و شار و شارۆچکەکانى دیکەى خوارووى عێراق کراوە بەهیچ شێوەیەک بۆ شنگال نەکراوە، ئەمە ماناى وایە عێراق شنگالى وەک شارێکى عێراق هەژمار نەکردووە. پەنا بە خوا لە ئایندەیەکى نزیکدا بە یاسا ئەم کێشەیەش یەکلایی دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر هەرێمى کوردستان".