Hemn Baban
26 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، شیروان زرار رایگەیاند، بۆ رۆژی دەنگدان، ھەزار و ٢٦٠ بنکەی دەنگدان تەرخانکراون کە پێنج ھەزار و ٩٤١ وێستگەی دەنگدانە.
- "سێ ملیۆن و ٨٥ ھەزار و ٤٥٦ دەنگدەر ھەیە"
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، شیروان زرار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئامارەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول بۆ پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "لە ھەرێمی کوردستاندا سێ ملیۆن و ٨٥ ھەزار و ٤٥٦ دەنگدەر بۆیان ھەیە لە رۆژی ٣٠ی ئەیلوول بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بدەن، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و ٩١٤ ھەزار و ٩٩٢ کەسیان دەنگدەری گشتیین، ١٧٠ ھەزار و ٤٦٨ کەسیش دەنگدەری تایبەتن، ھەروەھا ٢٩ قەوارەی سیاسیش لە لای کۆمیسیۆن تۆمارکراوە کە یەکێکیان کشانەوەی خۆی راگەیاندووە، بۆ ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەم مانگە، ٧٧٣ کاندید خۆیان پاڵاوتووە، لەو ژمارەیە ٢٤١ کەسیان ئافرەتن".
لەبارەی بنکەکانی دەنگدانیشەوە شیروان زرار گوتی: "لە ھەرێمی کوردستاندا، ھەزار و ٢٦٠ بنکەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەرخانکراون کە پێنج ھەزار و ٩٤١ وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن".
- "بە رەگەزنامەی عێراقی یان کارتی نیشتمانی یان پاسپۆرت دەنگ دەدرێت"
لەبارەی بەڵگەنامەکانی پێویست بۆ دەنگدان گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، شیروان زرار رایگەیاند، بۆ دەنگدان پێویستە دەنگدەر رەگەزنامەی عێراقی، یان پاسپۆرت، یان کارتی نیشتمانی پێ بێت و پێناسی باری شارستانیش دەنگی پێ نادرێت و گوتی: "لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە ئەو بەڵگەنامانەی پێویستە دەنگدەر پێی بێت بریتییە لە رەگەزنامەی عێراقی، پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی کە ئەمانە سێ بەڵگەنامەی فەرمیین و دەبێت دەنگدەر دەنگی پێ بدات، سەبارەت بە پێناسی باری شارستانی بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجارە بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن واتە لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ن بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ١٨ ساڵییان تەواوکردووە پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقییان دەبێت پێ بێت، ھەر کەسێکیش رەگەزنامەی عێراقی نییە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وەکو ئاسانکارییەک بۆیان بڕیاری داوە پێناسی باری شارستانی خۆی و رەگەزنامەی باوکی یان دایکی پێ بێت و دەتوانێت دەنگ بدات".
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەوەی ئایا پێناسی باری کەسێکی بەتەنھا دەنگی پێدەدرێت یان نا، شیروان زرار گوتیشی"لەھیچ حاڵەتێکدا پێناسی باری کەسێتی تەنھا بەس نییە بۆ ئەو دەنگدەرەی دەیەوێت لە رۆژی دەنگداندا دەنگی خۆی بدات، چونکە لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە رەگەزنامە تاکە سەرچاوەیە، بەڵام ئێمە لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێمان وایە ھەندێک حاڵەت ھەیە کە ھێشتا بەشێک لە ھاوڵاتییان خاوەنی رەگەزنامە نیین بۆیە وەکو ئاسانکارییەک ئەوە دەکرێت، بەڵام دەبێت رەگەزنامەی دایکی یان باوکی پێبێت".
ھەرچی پەیوەستە بە کارتی زانیارییشەوە ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمیسیۆن رایدەگەیەنێت "لە لای ئێمە سێ بەڵگەنامە ھەیە کە ھاووڵاتییان دەتوانن دەنگی پێ بدەن ئەوانیش رەگەزنامەی عێراقی، پاسەپۆرت، کارتی نیشتمانی و بە کارتی زانیارییش ناتوانرێت دەنگ بدرێت".
- "لە چەند کاتژمێرێکدا ئەنجامەکان رادەگەیەندرێن"
سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول بۆ پەرلەمانی کوردستان گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، شیروان زرار گوتی: "ئەو بیرۆکەیە لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گەڵاڵە بوو کە ئێمە چۆن وێنەی وڵاتانی پێشکەوتوو ئەنجامەکان رابگەیەنین، چونکە قەلەقی لایەنە سیاسییەکان لەوەدایە کە ئەنجامەکان درەنگ دەگەن و ئەمەش گومانێکی لەلایان دروستکردووە کە رەنگە ئەنجامی بەشێک لە فۆرمەکان دەستکاری بکرێن، بۆیە ویستمان ئەو گومانانەی لایەنە سیاسییەکان بڕەوێنینەوە و متمانەیەکی زیاتر بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست بکەین".
شیروان زرار هەروەها گوتی: "بۆیە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی واتساپ (WhatsApp) ئەنجامی بنکەکانی دەنگدان کە ھەزار و ٢٦٠ بنکەی دەنگدانمان ھەیە و ئەنجامی سەرجەم وێستگەکانی ئەو بنکانە کە دەخرێتە سەر فۆرمی ژمارە ٥٣، یەکەمجار دەست بە ھەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت دەنگی قەوارە سیاسییەکان دەخرێتە سەر فۆرمێک و لە لایەن بەرپرسی بنکەکەوە وێنەیەکی دەگیرێت و وێنەی دووەم بەرپرسی بنکە لەگەڵ بەرپرسی وێستگەکان دەگرن و کارتی ئەنجامەکەیان لە بەردەم خۆی دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیابیین لەوەی کە ئەوە ئەنجامی ئەو بنکە و وێستگانەیە، ھەروەھا بۆ دڵنیابوونی زیاتریش رێوشوێنێکی دیکە زیاتر لە رێگەی گرتە ڤیدیۆییەکەیەوە کە بۆ ١٠ تا ١٥ چرکە دەبێت بەرپرسی بنکە خۆی دەناسێنێت لەگەڵ ژمارەی بنکەکەی چەندە و چەند وێستگەی ھەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ھیچ گۆڕانکارییەک نەبووە کە ئەنجامەکان دەگەنە ئێرە کە دیارە ٦٠ کارمەند بۆ ئەو مەبەستە راھێنانیان پێکراوە و ھەر کارمەندێک ئەنجامی دەنگدانی ٢٠ بنکە وەردەگرێت و داخڵ و وردبینی دەکرێت و ئەوەش دەبێتە ئەنجامێکی سەرەتایی لە لای ئێمە و لە سایتی کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، کە ئەمە بڵاوکرایەوە، قەوارە سیاسییەکان کە پێشتر ئەو ئەنجامانەیان پێدەدرێت ئەگەر گومانیان ھەبێت دەتوانن بیدەن بە کۆمیسیۆن و ئێمەش پێداچوونەوەی بۆ دەکەین، بەڵام ئەوە دڵنیادەکەمەوە ئەوە ئەنجامی سەرەتایی نافەرمییە، دواتر ئێمە ئەو ئەنجامەی لە شەوەکەیدا وەرمانگرتووە و ئەو ئەنجامەی کە رۆژی دواتریش کۆی دەکەینەوە بەراوردی دەکەین و ئەگەر دڵنیابووین ھەردووکیان وەکو یەکن ئەوکات ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار دەدات ئەنجامی بەرایی نافەرمی رابگەیەنرێت کە ئەوە نەتیجەی سەرەتاییە".
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، شیروان زرار لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "پێشبینی دەکەم لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا ئەنجامی سەرەتایی رابگەیەنرێت بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانناوە ئەگەر گرفتێک بەتایبەت لە رووی تەکنیکیەوە دروست نەبێت، بەتایبەت لە رووی ھێڵی ئینتەرنێت کە داواشمان کردووە ئینتەرنێتی بەردەواممان ھەبێت، ئومێد دەکەین ئەو ئەنجامە رابگەیەنین و ئەمە جێگەی دڵخۆشی قەوارە سیاسییەکان دەبێت و دڵنیایی دەبێت لەسەر پڕۆسەکە کە بە پاکی و بێگەردی بەڕێوە چووە".
- "چەند خەڵک زیاتر بەشداریی بکات ئەگەری ساختەکاری کەم دەبێتەوە"
سەبارەت بە رێگەگرتن لە ساختەکاریش گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، شیروان زرار رایگەیاند "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران زۆر بە ئەمانەتەوە کاریکردووە، ھەر رێککارێک ببێتە ھۆکاری رێگری لە ساختەکاری یان ھەر بیرۆکەیەک لە لایەن رێکخراوێکی مەدەنی یان لە لایەن حزبەکانەوە کە لەگەڵیان دانیشتووین بیرۆکەیەکیان ھەبووبێت کردوومانەتە پەیڕەو و ھەموو ئەو دەرگایانەمان داخستووە کە دەبنە ھۆی ساختەکاری، سەرەتا بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستمانپێکردووە کە خەڵکێکی زۆری تیابوو نەدەبوو ناویان تیادا ھەبێت و نزیکەی ٢٧٥ ھەزار ناومان لابردووە لە دوای پڕۆسەیەکی زۆر دوور و درێژ و نزیکەی حەوت مانگ. سەبارەت بە درێژەکردنەوەی ماوەی دەنگدان لە پەیڕەوەکانی ئێمە باس لەوەکراوە کە ماوەکە درێژناکرێتەوە، ئێمە لەبەر قەناعەتی زۆرمان..
ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.