Zana Natık Kerem
26 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2018
مۆسکۆ ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ھۆشداری دا لە بارەی دامەزراندنی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پۆڵەندا و رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی ئەمریکا بەواتای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیمانامەیە دێت کە لە ساڵی ١٩٩٧دا لە نێوان رووسیا و ناتۆدا واژووکراوە.
ئاژانسی ھەواڵیی (Sputnik) بڵاویکردەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەلیکسەندەر گروشکۆ گوتوویەتی: "ئێمە لە بەرچەند ھۆکارێک بڕیاری دامەزراندنی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پۆڵەندا بە شێوەیەکی نەرێنی ھەڵدەسەنگێنین، بە تایبەتیش ئەو بڕیارە لێکەوتی خراپی بۆ سەر رەوشی ئەمنی لە ناوچەکە دەبێت".
ئەلیکسەندەر گروشکۆ زیاتر لەوبارەویەوە روونیکردووەتەوە لە میانی دامەزراندنی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پۆڵەنەدا، رووسیاش ناچار دەبێت سەربازی زیاتر بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی خۆی بڵاوبکاتەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیکردەوە کە دامەزراندنی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پۆڵەندا، ھەنگاوێکە دژ بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەورووپایە و گوتی: "جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، ئەو پەیماننامەی کە ساڵی ١٩٩٧ لە نێوان رووسیا و ناتۆ واژووکراوە ھەڵدەوەشێنێتەوە".
رووسیا بڵاوکردنەوەی سەربازانی ئەمریکا و ناتۆ لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئەورووپا رەتدەکاتەوە بە تایبەتی لە پۆڵەندا.
لە ١٩ی ئەم مانگە سەرۆکی پۆڵەندا، ئەندریە دودا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن داوای لە ھاوتا ئەمریکییەکەی، دۆناڵد ترەمپ کردبوو کە بنکەیەکی سەربازی ھەمیشەیی ئەمریکا لە پۆڵەندا دامەزرێنێت.