Azad Mohammed Abdullah
11 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2018
نەینەوا - AA
بڕیاردەرى لێژنەى ئاسایش لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، هاشم بریفکانى رایگەیاند "حکوومەتى عێراق و ئیدارەى پارێزگاى نەینەوامان ئاگادار کردووەتەوە لەوەى کەمتەرخەمى گەورە لەنێو دەزگا ئەمنییەکانى شارەکەدا هەیە".
هاشم بریفکانى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "شانە نوستووەکانى داعش لەو بۆشاییە ئەمنییەى لە ماوەى رابردوو لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا و ناوەندى پارێزگاکە بوونى هەبوو، خۆیان رێکخستووەتەوە و لە هەر هەلومەرجێکدا بێت کە بۆیان گونجاو بێت کردەوەى تیرۆریستى ئەنجام دەدەن، جا کردەوە تیرۆریستییەکەیان رفاندن و کوشتنى خەڵک بێت یان تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێل لەنێو بازاڕەکانى شار یان هەر شتێکى دیکە بێت کە خۆیان مەبەستیان بێت".
بریفکانى گوتیشى: "سەدان شانەى نوستوو خۆیان لە گەڕەکە جیاجیاکانى مووسڵ حەشارداوە، پێش چەند رۆژ شانەیەکى ١٧ کەسى داعش بە جۆرەها چەکى قورس، سووک و مامناوەند دەستبەسەرکران کە نیازى کردەوەى تیرۆریستى زۆر گەورەیان هەبووە و دانیان بەوەدا ناوە کە ژمارەیەکى زۆر لە تیرۆریستى داعش خۆیان رێکخستووەتەوە و پێش هەموو شوێنێک دەیانەوێت لە مووسڵ هەستنەوە سەر پێ و لانیکەم بەشێک لە شارەکە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتى خۆیان".
بریفکانى ئاماژەى بەوەشدا کە ئەوان وەک لێژنەى ئەمنى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا حکوومەتى عێراق و ئیدارەى پارێزگاى نەینەوایان ئاگادار کردووە لە کەمتەرخەمییەکانى دەزگاکانى ئەمنى شاری مووسڵ.
بڕیاردەرى لێژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا نیگەرانە لەوەى ئەندامانى داعش لە زیندانەکانى مووسڵ بە پارە رزگار دەکرێن و دەشڵێت "رزگارکردنى ئەندامانى داعش لە زیندانەکان گومانێکى گەورەى خستووەتە سەر دەزگا ئەمنییەکان و ئەم جۆرە هەڵانە هەڵەى زۆر گەورەترى بەدواوە دێت، چونکە داعش لەناوچووە و بیرى توندڕەوى داعش وەک خۆى ماوەتەوە".
- پێویستە حکوومەتى عێراق بە یاسا ئەو کەسانە بە سزاى خۆیان بگەیەنێت کە بەرامبەر پارە تیرۆریستانى داعش رزگار دەکەن.
لە لایەن خۆیەوە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، حوسێن تاتانى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و گوتى: "پێویستە حکوومەتى عێراق بە یاسا ئەو کەسانە بە سزاى خۆیان بگەیەنێت کە بەرامبەر پارە ئەندامى داعش رزگار دەکەن و نابێت جارێکى دیکە ئەو شارە دێرینە بکەوێتە بەر چەپۆکى چەکدارە توندڕەوەکانى داعش".
حوسێن تاتانى بوونى جۆرەها گرووپى چەکدارى وەک حەشدى شەعبى و حەشدی سوننەکان، بە هۆکارى دروستبوونى بۆشایی ئەمنى دەزانێت و دەڵێت "بوونى ژمارەیەکى زۆر لە گرووپى چەکدار و هێزى جیاجیا بووەتە مایەى دڵەڕاوکێ و بۆشاییەکى ئەمنى گەورەشى دروستکردووە و ئەم بۆشاییە ئەمنییە بووەتە دەرفەتێک بۆ هەستانەوە و سەرهەڵدانەوەى داعش لە مووسڵ و دەورووبەرى".
ئاماژەى بەوەشدا کە داعش لە چەندین گوندى سنوورى مووسڵ خۆیان رێکخستووەتەوە و بە نیازى گەڕانەوەن بۆ مووسڵ، ئەگەر هەموو هێزەکانى نێو مووسڵ رێکنەکەون و بە یەک ئامانج ئەرکى سەقامگیرى نەگرنە ئەستۆ بێگومانین داعش هەڕەشەیەکى گەورە دەخاتەوە سەر مووسڵ.