Zana Natık Kerem
17 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2017
دیالە ــ AA
فەرماندە و شارەزایانی كاروباری سەربازی عێراق رایدەگەیەنن كە ئەوەی لە داهاتوودا دەبنە بەرەنگاریی ئەمنی لە عێراق، ئەو شانە نوستووانەی داعشن كە ناوە ناوە بە شێوەیەکی نهێنی هێرشی لەناكاو لە پارێزگای دیالە ئەنجام دەدەن.
وێڕای دوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی كۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە پارێزگای دیالە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هێزە ئەمنییەكانی عێراق رووبەڕووی بەرەنگاری نوێ بوونەتەوە كە خۆی لە هێرشی شانە نوستووەكانی داعش دەبینێتەوە كە ناوە ناوە دەیكەنە سەر هێزە ئەمنی و مەدەنییەكان.
ماوەی چەند هەفتەیەكە، داعش هێرشەكانی بۆسەر هێزەكانی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە زیاد كردووە.
ــ ستراتیجیەتی خۆحەشاردان
ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب رافد تایی وای بۆ دەچێت كە ژمارەیەكی زۆری شانەی نوستووی داعش لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی باقووبە خۆیان حەشارداوە كە دەیان گوند و رووبەرێكی بەرفراوانی زەوی كشتوكاڵی لە خۆدەگرێت كە هێزەكانی سوپا و پۆلیس بە هیچ شێوەیەك ناتوانن چاودێری جموجۆڵی شانە نوستووەكانی داعش بكەن لەو ناوچانە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رافد تایی گوتی: "دوای ئەوەی داعش لە شەڕەكانی بەرامبەر هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە پارێزگاكە شكستی هێنا، هەر بەپەلە پشتی بەست بە ستراتیجیەتی خۆحەشاردان و كاركردن بە نهێنی بۆ شڵەژانی رەوشی ئەمنی دیالە كە ئەوەش لە ژمارەیەك ناوچەكانی پارێزگاكە روویاندا كە داعش هێرشی كردە سەر حەشدی شەعبی، حەشدی هۆزەكان و هێزە ئەمنییەكان".
ئەفسەرەكە گوتیشی: "داعش توانای كۆنتڕۆڵكردنی هیچ ناوچەیەكی لە دیالە نەماوە بەڵام لە هەمان كاتدا توانای هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی هەیە".
ــ كەمی ژمارەی هێز
هێزەكانی سوپا و پۆلیس لە دیالە هەوڵی رێگری لە دزەكردنی داعش بۆ ناوچەكانی پارێزگای دیالە دەدەن بە تایبەتیش لە زنجیرە چیاكانی حەمرین و ناحیەی عوزێم.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، نەقیب حەبیب شممەری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم رۆژانەی دواییدا، داعش هێرشەكانی لە سنووری پارێزگای دیالە زیاد كردووە كە ئەوەش فەرماندە سەربازییەكانی عێراقی ناچار كرد كە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی دیالە بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەكانی داعش و ئەوانەی پشتیوانشیان لێ دەكەن دەست پێ بكەن بەڵام ئەو كێشەیەی كە هێزە ئەمنییەكان رووبەڕووبوونەتەوە نەبوونی هاوكاری خەڵكی مەدەنییە بۆ ئاشكراكردنی شوێنی خۆحەشاردانی شانە نوستووەكانی داعش.
حەبیب شممەری گوتی: "كەمی ژمارەی هێزە ئەمنییەكان بە تایبەت لە هێزەكانی سوپا كە بەشێكیان رەوانەی دەرەوەی پارێزگا كراون بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی مووسڵ یان سەڵاحەددین، وای كرد شانە نوستووەكانی داعش بە ئاسانی هێرشەكانیان بۆسەر هێزە ئەمنییەكان لە دیالە ئەنجام بدەن".
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە ژمارەیەك لە هێرشەكانی شانە نوستووەكانی داعش، ئامانجيان پەكخستنی پڕۆژە گرنگەكانە لە پارێزگاكە.
ــ هەڕەشەی گەروە
لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش ناوچەیەكی بەرفراوانی لە پارێزگای دیالە كۆنتڕۆڵ كرد كە دواتر هێزەكانی سوپای عێراق بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی توانیان سەرجەم ناوچەكان كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
ئەفسەری خانەشینكراو لە سوپای عێراق، جاسم عوبێدی وای بۆ دەچێت كە سەرباری ئەوەی فەرماندە سەربازییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە داعش ناتوانێت رەوشی ئەمنی پارێزگای دیالە وەك دوو ساڵی رابردوو لێ بكاتەوە، بەڵام هێشتا رێكخراوەكە هەڕەشە و مەترسی گەورەیە بۆسەر ئاسایشی پارێزگاكە چونكە بەو پلانانەش كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دانراون، نەتوانراوە چالاكیی شانە نوستووەكانی داعش لە دیالە رابگیرێن.
جاسم عوبێدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێشتا داعش لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی دیالە نەخشە دادەنێت و هێرش ئەنجام دەدات كە لە ئێستادا ئەوە بەرەنگارییەكی گەورەیە لە بەردەم هێزە ئەمنییەكاندا".
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزە عێراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ راوەدوونانی شانە نوستووەكانی داعش لە دیالە، دەستپێكرد.