Hemin Hüseyin
11 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2018
هەولێر - AA
لە میانی کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا گوتی: "لە ئێستادا شاند لە نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت و دیالۆگ هەیە. لەسەر بناغەی ئەو دیالۆگە چاوەڕوان دەکرێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێت".
سەفین دزەیی گوتیشی: "ژمارەیەک دۆسیە هەیە، بەڵام کاتی دەوێت بۆ چارەسەرکردنییان، ئەوەی ئێستا لە پێشترینیانە بابەتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و مووچەی فەرمانبەرانە و بڕیارە شاندێک بێت بۆ بابەتی فڕۆکەخانە و شاندەکە ئەمنیی و هونەرییە".
سەبارەت بە سەردانی شاندەکە، سەفین دزەیی گوتی: "هەندێک لایەن هەیە کە لە کۆنتڕۆڵی فڕۆکەوانی مەدەنییە و رەنگە هەبوونی هەندێک ستاف بێت و گرێدانی سیستەمێکی سەرتاسەری بێت لە عێراق".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر سەیری لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیران عەبادی بکەین، زۆر بە راشکاوانە رایگەیاندووە کە پێش نەورۆز هەم فڕۆکەخانە دەکرێتەوە و هەم مووچە دەنێرین، هیوادارین تا نەورۆز قسەکان جێبەجی بکرێت و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک بە ئێمە نەدراوە کە تەنها مووچەی دوو وەزارەت دەنێرن یان مووچەی سەرجەم فەرنبەران".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا گوتی: "پەیوەندییەکی ٣٠ ساڵە لە نێوان هەرێم و تورکیادا هەیە و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای سیاسیی و ئابوورییە لەبەر ئەوە رەنگە هەندێک جار ناخۆشی هەبێت، بەڵام ئەمە شتێکی ئاساییە و ئەوەی دەمێنێتەوە کە سەقامگیری و پەیوەندییەکی باش هەبێت لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا".