Heman Hussein Yaseen
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
هەولێر - AA
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەکان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شارۆچکەی دوکان سەربە پارێزگای سلێمانی کۆدەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکان تەوەرەکانی کۆبوونەوە بریتی دەبێت لە؛ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا، راگرتنی شەڕی راگەیاندن و یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکدێت لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی؛ هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی حوسێن.
شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکدێت لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی؛ رزگار عەلی و شاڵاو عەلی عەسکەری و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خەسرەو گوڵ محەمەد.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت رۆژی ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٠، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بافڵ تاڵەبانی لە ھەولێر کۆبووەوە.
رۆژی ٢٧ی مانگی رابردووش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بافڵ تاڵەبانی لە ھەولێر کۆبوونەوە.