Sarmand Hameed
18 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2017
بەيروت - AA
سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان رایگەیاند کە لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان، سەعد حەریری بە سەرکۆماری وڵاتەکەی، میشێل عەون-ی راگەیاندووە کە رۆژی سێشەممە دەگەڕێتەوە بەیروت و رۆژ چوارشەممە بەشداری لە جەژنی رۆژی سەربەخۆیی لوبنان دەکات.
بەپێی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان، میشێل عەون پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی وڵاتەکەی، سەعد حەریریەوە پێگەیشتووە دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە دوای دوو هەفتە مانەوە لە سعوودیە، بەیاوەری خێزانەکەی لە ریازەوە گەیشتە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لوبنان، نەبیە بەڕی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی وڵاتەکەی، سەعد حەریری پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕی ئەنجامداوە و لەمیانیدا جەختی لە بەشداریکردنی لە جەژی سەربەخۆیی لوبنان کردووەتەوە کە دەکەوێتە رێکەوتی ٢٢ی ئەم مانگە.
لە بەیاننامەیەکدا سەرۆكی حزبی "پێكگەیشتنی دیموكراتی"ی لوبنانی، وەلید جونبڵات رایگەیاند، لەدوای گەیشتنی بە پاریس پەیوەندییەکی تەلەفۆنییم لەگەڵ سەعد حەریری ئەنجام دا، هیوای سەرکەوتن و ساغ و سەلامەتیم بۆ خواست، خوایاربێت بەم نزیکانە لە بەیروت دەیبینینەوە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان، سەعد حەریری لە سعوودیەوە گەیشتە فەڕەنسا.
رۆژی چواری ئەم مانگە لە سعوودیەوە لە گوتارێكی تەلەڤیزیۆنیدا، سەعد حەریری دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی لوبنان راگەیاند، هەروەها هۆكاری بڕیارەكەی بۆ هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتن و سەپاندنی هەژموونی بەسەر لوبنان گەڕاندەوە، دوای ئەوەی حزبوڵڵا بەزەبری چەك ئەمری واقیعی خۆی سەپاند.
لە گوتارەكەیدا، هەروەها سەعد حەریری ئێرانی بە نانەوەی فیتنە تۆمەتبار كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئێران چووبێتە هەر وڵاتێكی عەرەبییەوە بووەتە هۆكاری وێرانكاری بۆ ئەو وڵاتە.