هەولێر
ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی، لە هەڤپەیڤێنێكی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، هەڵویستی پارتەكەی و سەرۆكەكەی، مەسعود بارزانی لەسەر هەنگاوەكانی ئەم دواییەی پرۆسەی چارەسەریی لە توركیا خستەڕوو و رایگەیاند: "سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەوە نییە بەهیچ شێوەیەك پرۆسەی چارەسەریی لە توركیا بچەقێت یان بگەڕێتەوە بۆ دواوە و لەو رووەوە ئامادەی هەموو هاریكارییەكە".
هەورامی هەروەها گوتی: "هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە ستراتیجیەتی چارەسەریی ئاشتیانەی كێشەی كوردی لە توركیا كردووەتە ئامانج و ئەو رۆڵەی كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گێڕاوێتیان، رۆڵێكی كاریگەر و کارا بووە، بەردەوامیشن، چونكە پارتی و حكوومەتی هەرێم باوەڕیان بەوە هەیە كە چارەسەریی سیاسی كێشەی كورد لە توركیا هەم قازانجی بۆ كوردی توركیا هەم بۆ تەواوی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لە بەرامبەردا ئەگەر كێشەكە بەئاشتیانە چارەسەر بێت، توركیاش وەك دەوڵەت بەهێزتر دەر دەكەوێت".
سەبارەت بە ئەگەری چەكدانانی پەكەكە وەك ئۆجەلان پێشنیازی كردووە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رایگەیاند: "هەرێمی كوردستان پێی وایە بێدەنگكردنی چەكەكان چ لەلایەن پەكەكە و چ لەلایەن سوپای توركیا زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی وشككردنی فرمێسكی دایكان، لەگەڵ ئەوەش ئێستا كاتی خەباتی مەدەنییە و گۆڕانكاری زۆر لە ناوچەكە هاتووەتە ئاراوە، پێویستە هەردوولا سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، چونكە یەك چركە ژیانی بە ئاشتی لەسەد ساڵی جەنگ باشترە".
بۆ هەڵویستی سەرۆكی هەرێم لەسەر هەنگاوەكانی ئەمدوایەی حكوومـەتی توركیا و پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەورامی گوتی: "سەرۆك بارزانی هەمیشە پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەریی توركیا كردووە و پێشوازیی لەو دوو هەنگاوە دەكات كە وزەیەكی زیاتری بە پرۆسەكە دا و سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەوە نییە، بەهیچ شێوەیەك پرۆسەی چارەسەرێ بچەقێت یاخود بۆ دواوە بگەڕێتەوە، لەو باریەوەش ئامادەیە هەرچی لە توانایدا بێت، بۆ پێشخستنی پرۆسەكە بیكات".
بۆ جددیەتی حكوومەتی توركیا لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لەو وڵاتە هێمن هەورامی گوتی: "هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیا ئەرێنی و باش بوون. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت كاری زیاتر بكات، ناشبێت بەعەقڵی تاكتیكی هەڵبژاردن یا كوشتنی كات مامەڵە بكات، پێوستە هەردوولا ستراتیجیەتی كۆتایی پێهێنانی شەڕ و بەرقەراركردنی ئاشتیانەیان ئامانج بێ كە هەر ئەو چاوەڕوانیەمان هەیە".
زۆر جار باس دەكرێت كە لە نێو پەكەكە هێز هەیە، لەگەڵ بەئاكام گەیشتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نییە و گوێڕایەڵی ئێمڕالی نابن، لەو باریەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی گوتی: "ئاساییە لە هەر هێز و پارتێك راوبۆچوونی سیاسی جیاواز هەبێت بەڵام ئێمە وای دەبین كە رای كۆتایی بۆ ئیمراڵییە و لە دەستی بەڕێز ئۆجەلان دایە، لەگەڵ ئەوەشدا هیواخوازین برایان لە كەجەكە و ئەوانی دیكەش كە لە نێو ئەو پارتەدان، لە رەوشەكە باشتر تێبگەن و پشتگیریی لە بانگەوازەكەی ئۆجەلان بكەن".
لە كۆتاییدا هێمن هەورامی گوتی: "ئەگەر هەر لایەك بە عەقڵی تاكتیكی مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی چارەسەری بكات، ئەوە زیان دەكات چونكە پرسیار لێرەدا ئەوەیە پاش شكستی پرۆسەی چارەسەریی چ روودەدات، ئەوكات چ دەبێت، ئێمە هەست دەكەین و پێمان وایە كە لە دوای هاتنی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەر كورسی دەسەڵات گۆڕانكاری لەدەسەڵاتی توركیا و لە عەقڵی ئینكاركردنی كورد و بۆ دانپێدانان بە بوونی كورد و مامەڵەكردن لەگەڵی، هاتووەتەكایەوە كە ئەمەش زۆر هەڵدەگرێت".