Triska Sherzad
22 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە راوێژکاری تایبەتی تیمی نێودەوڵەتی لێکۆڵێنەوە لە تاوانەکانی داعش (یوونیتاد)، کەریم خان کرد.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین هەنگاوەکانى کار و ئەرکى یوونیتاد و کاریگەریى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر کارەکانیان تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیى هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تیمەکەیان کردەوە لەپێناو دابینکردنى دادپەروەرى بۆ قوربانیانى دەستى داعش و دادگاییکردن و بەسزاگەیاندنى تاوانباران کە دەبێتە هۆکارێکى درووستبوونەوەى متمانە و رێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیرى و پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانبەرکەوتووەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕاى دووپاتکردنەوەى پشتگیریى بۆ کار و ئەرکى یوونیتاد، ئامادەیی هەرێمى کوردستانى بۆ کارکردن لەگەڵ تیمەکە و حکوومەتى فیدرالى عێراق بۆ سەرخستنى ئەرکەکەیان دووپات کردەوە، هەروەها دەستخۆشى لێکردن و هانیدان بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەى یوونیتاد بەپێى کات و خشتەى دەستنیشانکراویان کە لە بەرژەوەندیى هەموو پێکهاتەکانى عێراقدایە بەوپێەى هەمووان قوربانیى دەستى داعشن.
هەموارکردنەوەى یاساى پەیوەندار بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى دادگاییکردنى تاوانباران، بایەخدان بە لایەنى پەروەردەیى بۆ قووڵکردنەوەى پێکەوژەیان و لێبوردەیى و رێگرى لە دووبارەبوونەوەى تاوانەکان، پرۆسەى کۆکردنەوەى بەڵگەکانى تاوان و بەئەلەکترۆنیکردنیان، ڕاهێنانى دادوەران و کارکردن بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە تیایدا کەریم خان سوپاسى پشتگیریى نێچیرڤان بارزانى و هاوکارى و هەماهەنگیى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەرک و کارەکانیان دووپات کردەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەشدا بەرێز کەریم خان سوپاسی پشتگیری سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وە هاوکاری هەماهەنگیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەرک و کارەکانیان دووپاتکردەوە.