سلێمانی ـ AA
شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی ھەرێم کە پێکھاتبوون لەسەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی و ھەردوو جێگرەکەی، جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفای سەید قادر سەردانی شاری سلێمانی ـ یان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکاندا، نێچیرڤان بارزانی، رۆڵی ھەردوولای لە پشتگیریی ھەنگاوەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزی و تەبایی بە گرنگ و مایەی پێزانین ھەڵسەنگاند و جەختی لە گرنگی و پێویستیی یەکھەڵوێستی و پێکەوەکارکردنی ھەموو لایەنەکان کردەوە، بەتایبەتیش لە چۆنیەتیی مامەڵەکرن لەگەڵ دۆخ و پێشھاتەکان لە عێراق و ناوچەکە.

لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر ھەرێمی کورستان، رۆڵی سەرۆکایەتی ھەرێم لە پتەوکردنی یەکڕیزی و تەبایی و ھەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، دروستکردنی ھاوپەیمانیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لێکرایەوە.
ھەروەھا پتەوکردنی ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی لایەنە کوردستانییەکان، ھەوڵدان بۆ چارەسەر و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای گەرەنتیکردنی ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەگەری ھەموارکردنەوەی دەستوور و ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەقامگیری و ئارامی لە عێراق، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بوو

سەرەتا شاندەکە لەکاتژمێر ١٢:٠٠ گەیشتنە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە و لەلایەن رێکخەری گشتیی گۆڕان، عومەر سەید عەلی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی حزبەکەوە پێشوازیان لێکرا.
دوای کۆبوونەوەیەکی نیو کاتژمێریی، شاندەکە سەردانی مەزاری رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفایان کرد و لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە تاجە گوڵینە لەسەر مەزارەکەی دانرا.
دواتر شاندی سەرۆکایەتی لەکاتژمێر ١٤:٠٠ گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبە بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی، کۆسرەت رەسوڵ کۆبوونەوە.
لەکاتی بەرێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ھەردوو شاندی سەرۆکایەتی ھەرێم و بەرپرسانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دڵشاد شەھاب کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رێکخست و رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری یەکخستن، یەکریزی و یەکگوتاری نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانە بەرامبەر ئەو رەوشەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش عێراق پێیدا تێپەڕ دەبن.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، دڵشاد شەھاب گوتی: "خۆشبەختانە، قسەکانی ھەردوو لایەنی سەرەکی بەشدار لە حکومڕانی کوردستان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کە لە کۆبوونەوەکاندا باس کران، قسەی دڵخۆشکەرن و ھەموویان لەگەڵ ئەوەدان کە تواناکان یەکبخرێن و ھەمووان پاڵپشتی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی پەیوەندی باشی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال بین بۆ ئەوەی ئامانجی سەرەکی یەکگوتاری ھەرێمی کوردستان بێت، ھەروەھا بەدەستھێنانی مافی خەڵکی کوردستان بێت و پارێزگاریکردن بێت لەسەر ئەو ماف و دەستکەوتانەی چی لە شایستەکانی ھەرێم لە رووی دارایی و بوودجە کە ئێستا لە حکوومەتی ناوەندی کار بۆ ئامادەکردنی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دەکرێت و چی لەو ھەنگاوە سیاسیانەی کە دەنرێن بۆ ئامادەکاری بۆ ھەموارکردنەوەی دەستووری فیدرالی عێراق".
راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر ئەوەی کە "سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە سەرەکییانە کۆکن و سەرۆکایەتی ھەرێمیش وەک چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم لایەنەکان وەک گەورەترین دامەزراوەی نیشتمانی و باڵاترین دەسەڵاتی بەڕێوبردن لە ھەرێمی کوردستان بەم ئەرکە ھەڵدەستێت و ئەم ئیرادەیە بەجددی لە سەرۆکایەتی بەرجەستەیە و پشتیوانی لایەنەکانیشی ھەیە، بۆیە جێگەی دڵخۆشییە کە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ بەم ئاراستەیە زۆر سەرکەوتوو بوون و چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانانە بەردەم بن ، بۆ ھەمان مەبەست سەردانی لایەنەکانی تریش دەکرێت".
کۆبوونەوەی ھەردوولا کەمتر لە ٤٥ دەقیقەی خایاند و پاشان بەڕێکەوتن بۆ مەزاری سکرتێری کۆچکردووی گشتی یەکێتی و سەرکۆماری پێشووتری عێراق، جەلال تاڵەبانی، لەوێش سەرۆکی ھەرێم دوای دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزارەکە، لە نێو دەفتەری یادگاریەکاندا چەند رستەیەکی نووسی.

دواتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرەتا لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیەوە قسەی کرد و رایگەیاند کە ئەوان کاری لە پێشینەیان دروستکردنی ھاوپەیمانێتییەکی کوردستانییە و سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەن تاوەکو کۆدەنگی و ھاوپەیمانێتییەکی کوردستانی دروستبکەن و گوتی:"ئەگەر ھەر لایەنێک بە جیا کاربکات ناتوانین ھیچ دەستکەوتێک بەدەستبھێنین".
سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم سەرەتا سوپاسی ھاووڵاتیانی کرد بۆ ئەو دانبەخۆداگرتنەی ئەو چەند ساڵەی پێشوو، کە ھەرێم لە قەیرانی دارایی قورس بوو، ئەو گوتی:
"ئەگەر تێگەیشتنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەبووایە، دۆخی ھەرێم بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە بەڕێوە نەدەچوو، ئێمە یەکەم شت سوپاسیان دەکەین، ھەوڵی ھەموو لایەکمان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت و بەندە، ھەر ھەموومان ئەوەیە بتوانین لەم دۆخەی ھەیە دەربچین و بتوانین ئایندەیەکی گەشتر دەستەبەربکەین بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان. من بە دڵنیاییەوە دەڵێم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ و ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ باشتر کردنی دۆخ و گوزەرانی ھاووڵاتیان لەھەرێمی کوردستان".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی کە ئایا کەی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی،" ئێستا شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە، ئامانجیان لەو سەردانە گەیشتنە بە ئەنجامێک لەو گفتوگۆیانە و لەسەر پرسی نەوت گفتوگۆ کراوە، ھەفتەی داھاتوو لەسەر بوودجەش قسە دەکرێت، ئێمە گەشبینین لەوەی کە بگەین بە ئەنجام".
لەبارەی ھەوڵەکان بۆ گۆڕین و لەسەرکارلادانی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکی ھەرێم گوتی :"ھەر ھەنگاوێک لە بەرژەوەندی عێراقدا بێت ئێمە لەگەڵ ئەو ھەنگاوەداین، بەڵام ئێمە پێمان وانییە کە بەگۆڕینی کەسێک دۆخەکە باش دەبێت، عادل عەبدولمەھدی یەک ساڵە بووەتە سەرۆکوەزیران، ئەم کێشانەی کە ئێستا لە عێراق ھەیە کێشەکانی پێشترن و ھی یەک ساڵ نین، ئەمە بەیەک کەسیش چارەسەر ناکرێت، دەبێت کۆدەنگیەکی تەواو لە نێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا ھەبیت، ئێمەش وەک بەشێک ئەوەی لەئەستۆی ھەرێمە، من بەسەردانی چەند جارەم بۆ بەغداو لە دانیشتنەکانمدا لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەعێراق دووپاتی ئەوەم کردۆتەوە کە ھەرێم ئامادەی ھاوکارییە تاوەکو عێراق لەو قەیرانەی ئێستا تێیکەوتووە لێی دەربچێت".
سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەش، نێچیرڤان بارزانی گوتی:" یەکێک لە کارەکان کە دەستمان پێکردووە، یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەیە، ھەر دوو جێگرانی سەرۆکی ھەرێم کاک سەید مستەفا و کاک شێخ جەعفەر بەشێلگیرانە سەرقاڵن و لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن، ھەتا ئێستا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی باشیان کردووە، کۆبوونەوەکانی ئێمە بەردەوامە ھەم لەگەڵ ھاوپەیمانان کە یارمەتی ئێمە دەدەن بۆ ئەو ریفۆرمە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمەش بەجددی خەریکین کە ھیوادارین بگات بە ئەنجامێک".
لە وەڵامی پرسیارێکی تر ھەر لەبارەی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی بۆ رەوانە کردنی پشکی ھەرێم لە بوودجە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:"سەبارەت بەوەی کە ئێمە سەدی چەندمان داوا کردووە، جارێ دەمەوێت یەک شت روون بکەمەوە، عێراق ھەرگیز لەسەدا ١٧ی بوودجەی ھەرێمی کوردستانی نەداوە، لە باشترین حاڵەت دەشێت لەسەدا ١١ی داوە و کەمتریش لەوە، ئەوەی ئێمە ئێستا باسی دەکەین، سیستمی فیدڕاڵی ھەموو جیھان بەشێوەیەکە کە لە ناوەندەوە پارە بدرێت بە ھەرێمەکان (مینحە)، ئەگەر ئێمە بتوانین لەگەڵ بەغداد رێککەوین لەسەر ژمارەیەک، ئەوەی کە ئێمە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەوڵی بۆ دەدەین باشترین چارەسەرە".
لەبارەی ئامادەکارییەکانیش بۆ داڕشتنەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیراندا ئەنجامدەدەن و باس لە دەستووری ھەرێمی کوردستان دەکەن.

لەلای خۆیەوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، عیماد ئەحمەد لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ لای بەرپرسانی حزبەکەی، لەلێدوانێکی کورتدا بۆ رۆژنامەنووسان دواو گوتی:''وەک یەکێتی جارێکی تر جەختمان کردەوە لەوەی کە پێمان خۆشە کورد ھاودەنگ بێت و یەک ھەڵوێست بێت و ھەموو لایەنەکان بەشدار بن لە پرۆسە سیاسییەکەدا، و ئاگامان لەخۆمان بێت کە بتوانین بەرنامەیەکی باش دابڕێژین کە ئەوەی ئێستا لە عێراق و ناوچەکە و لە کوردستان روو دەدات ھەموومان بەیەکەوە لە قازانجی کورد ھەوڵ بدەین" .
دواتر شاندە باڵاکەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان شاری سلێمانیان بەجێھێشت و گەڕانەوە بۆ شاری ھەولێر.
news_share_descriptionsubscription_contact

