ھەولێر
سەرۆکی لیستی پەرێشان و ھەژاران (جەلال پەرێشان) دەڵێ لەبەر ئەوەی بۆخۆی کوڕی بنەماڵەیەکی ھەژارە، ئەم لیستەی دروستکردووە بۆ خەڵکانی ھەژارو بەنیازە بچێتە کێبەرکێی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە.
پەرێشان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " ھیچ ئامارێکی تەواوەتی ھەژاران نییە لەھەرێمی کوردستان بەڵام لەگەڕەکەکەی خۆمانەوە، بگرە ھەتا چەندین گەڕەکی دیکە گشتیان ھەژارن، چاوەڕوان دەکەم بەدەنگی ئەوان بچمە پەرلەمان".
دوای ساڵانێکی زۆر لە کاری راگەیاندن، وەک پیشکەشکاری تەلەڤزیۆن و بۆخۆی دەڵێ ٩٦ سرود و گۆرانی ھەیە، بەڵام نزیکەی چوار ساڵە جەلال پەرێشان زۆرتری کاتەکانی لە مزگەوتی (رەشاد موفتی) لە ھەولێری پایتەخت بەسەر دەبات.
لیستی پەرێشان و ھەژاران تەنیا پێنج کاندیدی ھەیە دوو ژن وسێ پیاو سەرۆکی لیستەگە ئاشکرایکرد ھەموو کاندیدەکانی رۆژنامەنووسی وەرزشین یا لەبواری وەرزشدا کاریانکردووە بۆیە کارنامەی لیستەکەیان لەناو پەرلەمان بۆ خەڵکی ھەژار و وەرزشوانانی کوردستانە.
جەلال پەرێشان بڕوای بەخۆی و ھاوڕێکانی ھەیە کە بەئاسانی بتوانن لە کێبەرکێی ھەلبژاردنەکانی ٢١ی ئەیلولی ئەمساڵ کە ١١٣٨ کەس بۆ ١١١ کورسی پەرلەمانی خۆیان کاندید کردوە، دوو کورسی مسۆگەر بکەن.
جەلال لەوبارەیەوە گوتی "ئەگەر فێڵمان لێ نەکرێ دەگەینە پەرلەمان و ئەگەر دوو کورسی بەدەست نەھێنین، بەدڵنیاییەوە کورسییەک مسۆگەر دەکەین".
زیاتر گوتی " داوای دابینکردنی شوێنی نیشتەجیبوون بۆ ھەژاران و پرۆژە بۆ وەرزشکاران لە ئەولەویەتی کارەکانمان دەبێ ھەروا داوەتکردنی وەرزشوانانی بیانی بەتایبەتی میسی بۆ ھەرێمی کوردستان".
لەبارەی ئەو گومانەی دەگوترێ ئایا لیستی پەرێشان و ھەژاران (٥٠) ملیۆن دیناریان لەکوێ بووە تا وەکو بارمتە بیدەدەنە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان؟ سەرۆکی لیستەکە ئاشکرایکرد: لەوبارەیەوە پرسیاری زۆری لێکراوەو پارەی زۆریشی خراوەتە بەردەست تا پاشەکشە بکات لەبەشداریکردنیان لەھەڵبژاردن.
گوتی " بەڕاشکاویی لەئاژانسی (ئانادۆڵۆ)وە ئاشکرا دەکەم ئەو پارەیە دینارێکی بەرپرس و سەرمایەدارانی تێدا نییە بەڵکو پارەکە ھی شەخسی و خۆم خێزانەکەمە، لەو رۆژەوە لیستەکەم راگەیاندووە، زۆر کەس و برادەرم پەیوەندییان پێوەکردووم، کە لە پرۆسەکە بکشێمەوە گوتوویانە ١٥٠ ملیۆن دینارت دەدەینێ بەو مەرجەی لیستەکەت ھەڵبوەشێنیتەوە، بەڵام ھەموو دنیام بدەنێ وازناھێنم".
دەیەوێ وێنەی رۆناڵدۆ و خۆی تێکەل بەیەک بکا و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاری بھینێت. جەلال پەرێشان واوی وت.