Sarmand Hameed
29 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین گۆڕانکاری وپێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور، لەو چوارچێویەشدا پەسەندكردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی ٢٠٢١ بە هەنگاوێكی ئەرێنی دانرا کە پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە خزمەتی سەرجەم پێكهاتە و ناوچە جیاوازەكانی عێراق بكات و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەزووترین کات بنێردرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ستایشی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان پشتیوان بن لە سەرخستنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتیی و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەیشکردووە کە لە تەوەرێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کراوە بە ئاراستەی زەمینەخۆشكردن لە بەردەم هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات.