Sarmand Hameed
22 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2021
ههولێر-AA
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، پێشوازیى لە وەزیرى دەرەوەى سوید، ئان لیندى و شاندێکى یاوەرى کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخى عێراق و هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پەیوەندییەکانى سوید لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى سویدى لە هەرێمى کوردستان، رەوشى ئاوارە و پەنابەران، دۆخى کەمپى هۆڵ لە سووریا، هەڕەشەکانى داعش، بوارەکانى دیموکراسى، مافى مرۆڤ، ئازادییەکان، یەکسانیى جێندەرى، سیستمى دادوەرى لە عێراق و هەرێمى کوردستان و هەڕەشەکانى گۆڕانى کەشوهەوا بەتایبەتى لەسەر عێراق، تاوتوێ کران.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیى سەقامگیریى سیاسى لە عێراق و گەیشتنى لایەنە سیاسییەکان بە لێکگەیشتنێک بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات و یەکلاکردنەوەى هەر تێبینى و کێشەیەک لەسەر ئەنجامەکانى دەنگدان لە عێراق کردەوە کە لە ئەنجامدا حکوومەتێکى لێ بکەوێتەوە، داوا و خواستەکانى هاووڵاتییانى عیراق لە ژیان و گوزهرانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، رەچاو بکات.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەکەدا بیروڕا دەربارەى گرنگیى بەردەوامیى هەوڵەکان بۆ باشترکردنى دۆخى ئافرەتان لە عێراق و هەرێمى کوردستان و بەشداریى و هاوبەشیى کاراتر و زیاتریان لە پرۆسەى سیاسى و بەڕێوەبردنى وڵاتدا، ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لە پاراستنى دیموکراسى و ئازادییەکان و مافى مرۆڤ و یەکسانى و باشترکردنى سیستمى دادوەرى و دادگاکان کرایەوە.
پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندیییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دراوسێ، هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنى تیرۆریستانى داعش، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.