Sarmand Hameed
10 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازیی کرد لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، هۆشیار زێباری.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، لە میانی دیدارەکەدا، شاندەکە پیرۆزبایی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی حزبەکەیان گەیاندووەتە مستەفا کازمی بۆ رزگاربوون بە سەلامەتیی لەو هێرشە تیرۆریستییەی کە چەند رۆژێک پێش ئێستا کرایە سەری.
شاندەکەی پارتی ستایشی ئاستی ئیدانەکردنی بەرفراوانی کردەوە تیرۆریستییەکە و هەماهەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی عێراق کرد بۆ ئەو جۆرە کارە تاوانکارانەی کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی وڵات بوو.
له راگهیهندراوهكهدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر له میانی دیدارهكهدا گفتوگۆ لهبارهی دوایین گۆڕانكاریی سیاسی كراوه و جهختیش له گرنگیی پێكهێنانی حكوومهتێكی نیشتمانیی كرایهوه كه بتوانێت رووبهڕووی ئاڵنگارییە ئهمنییهكان ببێتهوه، سەروەریی یاسا بسەپێنێت، پارێزگاری له ئاسایشی هاووڵاتییان بكات و ههوڵی زیاتر بۆ تێپهڕاندنی قهیرانهكان بدات.
جێی ئاماژەیە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، هۆشیار زێباری لە بەغدایە و تاوەکو ئێستا ژمارەیەک دیداری لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرش کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا و ناوبراو بێ ئەوەی بریندار بێت لە ھێرشەکە رزگاری بوو.
لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی ٥ی تشرینی دووەمی گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە ناڕەزایەتی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نیشان دەدەن، پشێویی کەوتەوە و لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێک کوژرا.
لەدوای ئەوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران و میلیشیا شیعەکان بە زمانێکی توند رەخنەیان لە کازمی گرت، ھەڕەشەیان لێ کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە کوشتنی خۆپیشاندەرەکە بە بێ سزا تێپەڕ نابێت.