Heman Hussein Yaseen
05 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دوو کۆبوونەوەی لووتکە دەکات و بە پێی زانیارییەکانی دۆخی عێراق و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان لە یەکەم کۆبوونەوەدا هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێواس فایق بەشدار دەبن.
لە کۆبوونەوەی دووهەمی سەرۆکایەتی هەرێمدا، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە میوانداری سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح دەکەن و کەسی یەکەمی پارتە سیاسییەکانی هەرێمیش بەشدار دەبن.
بەرهەم ساڵح رۆژی رابردوو گەیشتە هەولێر و لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانییەوە پێشوازی لێکرا.
دەگوترێ، لە ئەنجامی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، راگەیاندراوێک دەربکرێ و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆی رووداوە سیاسییەکانی عێراق و بە تایبەت ئەگەری گۆڕانکاری لە دەستوور بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێ.