هەولێر
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەناوی گوتەبێژی سەرۆكایەتی وەڵامی وەزیری دەرەوەی سوریا وەلید موعەلیم دەداتەوە.
ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەزاری ئومێد سەباح گوتەبێژی سەرۆكایەتی رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە شەشی ئەم مانگە رۆژنامەی (الاخبار)ی لوبنانی چاوپێكەوتنێكی وەلید ئەلموعەلیمی وەزیری دەرەوەی رژێمی سوریای بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا ناوبراو قسەی چەواشەكارانەی لەبارەی سەرۆك بارزانی و كۆبانێ گوتووە كە ئەو بە عەینولعەرەب ناوی دەبات. لە وەڵامی ئەم بۆچوونە نابەجێیانەیدا بە پێویستی دەزانین رایبگەیێنین كە خەڵكی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی كۆبانێ باشتر لە هەموو كەس دەزانن كێ هاوكاریی كردوون و وەلید موعەلیم ئەو كەسە نییە كارتی نیشتیمانپەروەری دابەش بكات."
گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو نازانین وەزیری دەرەوەی سوریا لەبیری چووە یان لەبیرخۆی بردۆتەوە كە یەكەم سیاسەتی تەعریبی كوردستان لە سووریا و لەسەر دەستی شۆڤێنییە هاوشێوەكانی موعەلیم دەستی پێكردووە.
گوتەبێژەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەوەڵامی وەزیری دەرەوەی سوریا باسی لەوەشكردوە: "نازاندرێ ئەلموعەلیم بە چ روویەك باسی بەڕێز ئۆجەلان دەكات؟ چونكە ئۆجەلان لای ئەوان بوو، كەچی دەستیان لێ بەردا و دەریانكرد و بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا كرد كە لە دژی بەڕێوە چوو."
ئومێد سەباح گوتیشی: "ئەگەر موعەلیم راست دەكات و تۆسقاڵێك هەستی بەرانبەر كورد یان لایەنێكی كوردی هەبێت با راشكاوانە و بوێرانە دان بە هەبوونی گەلی كورد لە سووریا بنێت."