Zana Natık Kerem
24 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2017
قاهیرە ــ AA
سەركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاند كە وڵاتەكەی زۆر بە توندی وەڵامی ئەو كردە تیرۆریستییە دەداتەوە كە لە نزیك مزگەوتی رەوزەی شاری عەریش ناوەندی پارێزگای باكووری سینا روویدا.
لە گوتارێكی تەلەڤیزۆنیدا، عەبدولفەتاح سیسی گوتی: "هێزەكانی سوپا و پۆلیس لە ماویەكی كەمدا، تۆڵەی قوربانیانی كردە تیرۆریستییەكە دەكەنەوە و زۆر بە توندی وەڵامی تەكفیران و توندڕەوان دەدەنەوە".
سەركۆماری میسر گوتیشی: "ئەوەی لە سینا روویدا، رەنگدانەوەی راستەقینەی ئەو هەوڵانەی ئێمەيە كە بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر خستوومانەتەگەڕ، هەروەها ئەو رووداوە وا لە ئێمە دەكات كە زیاتر هەوڵەكانمان بۆ بەرنگاربوونەوەی چڕ بكەینەوە".
بەرلەم گوتارە، عەبدولفەتاح سیسی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی كرد كە تیایدا وەزیرانی بەرگری، ناوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی و جەنگی بەشداربوون.
بە پێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی میسر كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، لە كۆبوونەوەكەدا، كردە تیرۆریستییەكە بە كردەیەكی ترسنۆكانە و دوور لە بەهای مرۆڤایەتی لەقەڵەمدرابوو، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێت وەڵامێكی توندى ئەنجامدەرانی كردە تیرۆریستییەكە بدرێتەوە.
پێشتر كەناڵی فەرمی میسر بڵاوی كردبوویەوە بە پێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە تەقینەوەكەی نزیك مزگەوتی رەوزەی شاری عەریش ناوەندی پارێزگای باكووری سینا، گیانیان لەدەستدا بەرزبووەتەوە بۆ ٢٣٥ كەس و ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ١٠٩ كەس.
تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەكە رانەگەیاندووە.