Hemn Baban
31 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2018
ھەولێر - AA
- "حکوومەتی عێراق لەئەمساڵدا پێکدەھێنرێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەگوترێت کە درێژە دەکێشێت و لە ئەمساڵدا پێکنایەت و دەکەوێتە ساڵی داھاتووەوە، بۆچوونتان چییە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: تەمەننا دەکەم ئەمساڵ پێکبھێنرێت، بەشێکی دواکەوتنی پێکھێنانەکەی بۆ سکاڵای بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان لەسەر بابەتی ساختەکاری و ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست دەگەڕێتەوە کە ئێستا گەیشتووەتە کۆتاییەکەی و لەو رۆژانە ئەنجامەکەی دەردەکەوێت، بەشی دووەمیشی پەیوەندیی بەو ئاڵۆزییەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەیە لە خۆپیشاندان و ھێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی نەوت و دامەزراوەکانی دیکەی ئیداری لە بەسرە و سەماوە و ناسرییە و دیوانییە و حلـلە و ناوچەکانی دیکە و ھەندێک خۆپیشاندانیش لە بەغدا، ئەمانە ھۆکارن بۆ دواخستنی، خۆشی لە بنچینەدا لە سیستەمێکی دیموکراتی فرە حزبی لە بابەتی ئێستا کە حەوت ھەشت حزبمان ھەیە نزیکن لەیەکتری و زۆرینەیەک پێکبھێنیت لە ھاوپەیمانێتییەک کە بتوانێت حکوومەت پێکبھێنیت ئاسان نییە حکوومەت پێکبھێنیت.
پێشبینی دەکەم ئەمساڵ حکوومەت پێکبھێنرێت و ھێشتا...
ئاژانسی ئانادۆڵو: کەواتە بۆچی تاوەکو ئێستا کوتلەی گەورەترین دروست نەبووە بەتایبەت لەنێو لیستە شیعییەکاندا؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: کوتلەی گەورە دروست بووە، ئێستا کوتلەی سائیرون و حیکمە و بەشێک لە نەسر لەگەڵیاندایە، ئەوە دەکاتە نزیکەی ٩٠ کورسی، ئەوی دیکەیان کوتلەی فەتح و دەوڵەتی یاسا و بەشێک لە سوننەکان کە نزیک بە ١٢٠ ئەندام دەکات، ئێمە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لە گفتوگۆداین و پێمان وایە بزانیین تێگەیشتنی تەواویان ھەبێت بۆ ئیرادەی کوردستان و ئازاری کوردستانییەکان و کێ ئامادەبێت بێ لەیت و لەعەلا بەبێ ئینتیقائی دەستووری عێراق جێبەجێ بکات بەتایبەت ماددەی ١٤٠.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کام لەو لایەنانەی باست کرد لە ئێوەوە نزیکن؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: لە عێراق سێ لایەن ھەن کە ھەموو کورسییەکان ھی خۆیانن، یەکێتی و پارتی و رەوتی حیکمە، ئەوانی دیکە ھەموو ھاوپەیمانێتییە و چەند گرووپێکن پێکەوە تا لەگەڵ خۆیاندا رێکدەکەون ماوەیەکی زۆری دەوێت، ئەوەی ئێمە کێشەمان لەگەڵ ھەیە حزبە بچووکەکانە و ئێمە لەسەرەتاوە گوتومانە کە ئەو لایەنە کوردستانییانە بێن و ئەم پڕۆژەیەی ئێمە دەوڵەمەند بکەن و بەشداریش بکەن لە شاندی دانوستان.
- "سەرکۆمار بۆ یەکێتی یەکلایی بووەتەوە و پێویستی بە موناقەشە نییە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: یەکێتی و پارتی وەرەقەیەکی ھاوبەشتان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان لەبەغدا دەبێت، دیارترین ئەو مەرجانە یان ئەو خاڵانەی ئێوە دەتانەوێت چین؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە و ھەر لایەکمان بەتەنھا داخڵی ھەڵبژاردن بووین، ھەر لایەنێکمان بەرنامەیەکمان ھەبووە، ئەم بەرنامانەی خۆمان لەگەڵ ئەو وەرەقانەی پێمانباشە بۆ گفتوگۆ پێکەوە رەشنووسێکی لێ دروست دەکەین، ھەروەھا سەیری وەرەقەی لایەنە سیاسییەکانیش دەکەین و بەھەمووی شتێکی لێ دروست دەکەین و دەدرێت بەلایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت بۆ گفتوگۆ.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: کابینەی ئێستای حکوومەتی ھەرێم بەرەو کۆتاییەکەی دەچێت، تێبینیتان لەسەر تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان چییە بەتایبەت قوباد تاڵەبانی؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: من پێموایە غەدر لە قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی و غەدر لە وەزیرەکان دەکرێت، ئەو تیمە تیمێکی بەد بەخت بوو، تیمێک بوو رووبەڕووی قەیرانی ئابووری، قەیرانی دارایی، قەیرانی ئەمنی و شەڕی داعش و ئەو ھەموو ئاوارە و شتی دیکە بوویەوە، موناقەشەکردن لەسەر ئەم کابینەیە و ئەو تیمە وەزارییە بەبێ رەچاوکردنی ئەو شتانە و تەشەنوجمان لەگەڵ عێراق ئەنجامەکانی کەموکوڕی تیادادەبێت.
ئەگەر ئەوانە رەچاو بکەین، ئەدای قوباد تاڵەبانی زۆر باش و رائیعە، قوباد لە ئیدارەیەکدایە لە شکڵی ھاوپەیمانێتی و رێککەوتننامەیەک، پێویستە ئەوان بەدوای خاڵی ھاوبەش و رێککەوتن بۆ بەڕێکردنی کارەکان بگەڕێن نەوەک بگەڕێن بەدوای ناکۆکییەکان، ئەوانەی چاوەڕێین قوباد یان نێچیرڤان دەبێت مست لە مێز بدات و چۆن خاڵە ناکۆکەکان زەق دەکەنەوە نایانەوێت ئەم وڵاتە بەرەو پێشەوە بچێت و دەمانگەڕێننەوە بۆ شەڕی ناوخۆ.
- سەعدی ئەحمەد پیرە: پەیوەندییەکانی ئێمە و تورکیا بەداخەوە لە قۆناغێکی باشدا نەبوو، بەڵام وا ئێستا وردە وردە پێشبینی دەکەم ھەموو لایەک چاوخشاندنەوە بکەینەوە، تورکیا وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و یەکێکە لە ھێزە ھەرێمایەتییەکان، ھەروەھا ئێمەش سەردەمی گەمارۆی ئابووری و ھەڕەشە و ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان لەسەرەتای نەوەدەکان لەبیرمان ناچێت تورکیا یارمەتییەکی یەکجار زۆری داوین، بۆیە پێویستە "ناکر الجمیل" نەبین و لەھەمان کاتیشدا مامەڵەمان لەگەڵ یەکتر لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر بێت.
سەرکردایەتی تورکیا سەرکردایەتییەکی زیرەکە و دەزانێت چارەسەرێکی سیاسیی گرنگە بۆ ئەو کێشەیە، لەو سەردەمەدا راپۆرتنووس زۆرن و نانی پێوەدەخۆن و بەشی زۆری ئەو شتانەی کە یەکێتی پێ تاوانبار دەکرێت راست نیین، پێموایە پێویستی بە لێکۆڵینەوە ھەیە و پێشبینی دەکەم لەماوەیەکی کورتدا پێکەوە ھاوکاری دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.