Sarmand Hameed
29 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ ھەر پازدە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە یاوەریی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڤاڵا فەرید و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەبوون، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆشحاڵیی خۆیان بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و پیرۆزباییی دەستبەکاربوونیان لێکرد.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پووختەیەکی دەربارەی دۆخی سەختی رابردووی ھەرێمی کوردستان و شەڕی داعش و قۆناغی ئێستا و ڕوانینی خۆی بۆ داھاتوو پێشکەش کرد و دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستوور، پێویستی بە رۆڵ و پشتگیری و ھاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدرال و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر کردەوە بەتایبەتیش لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و لەمبارەیەوە گرنگیی ھاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپات کردەوە، ھەروەھا سوپاسی رۆڵی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یونامی کرد لە پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستان و عێراق و تێکشکاندنی تیرۆر.
تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی، پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، چاکسازییەکان و دەرفەتەکانی کار و وەبەرھێنان لە ھەرێم، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی شەڕی تیرۆر و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.