Hemn Baban
30 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2019
ھەولێر - AA
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدئەمین رایگەیاند "لە کۆی حەوت ھەزار ئەندامی سەندیکا، تەنھا دوو ھەزاریان رۆژنامەنووسن و بەکردەیی کاری رۆژنامەنووسی دەکەن".
ئازاد حەمەد ئەمین لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو چەند پرسێکی پەیوەست بە سەندیکای رۆژنامەنووسان و کۆنگرەکەی و دەزگاکانی راگەیاندن دەخاتەڕوو و چەندین ئاماریش روون دەکاتەوە.
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدئەمین سەبارەت بە کۆنگرەی داھاتووی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە راگەیاند "ئێمە لە مانگی یازدەی ساڵی ٢٠١٨ بڕیارمان داوە کە کۆنگرە ببەسترێت، کۆنگرە کۆنگرەی ئەندامانی سەندیکایە، واتە ئەوانەی ئەندامی سەندیکان بۆیان ھەیە باسی کۆنگرە بکەن کەی و چۆن دەبەسترێت، ھەروەھا کۆنگرە پێویستی بە کۆمەڵێک مەسەلە ھەیە دەبێت تەواوببێت یەکێک لەوانە پرسی داراییە، ھەروەھا بوونی تەوافوقی سیاسییە لە ھەرێمی کوردستاندا، بیرمان نەچێت موڵکایەتیی ٩٩ لەسەدی میدیا لە کوردستانی عێراق ھی حزبەکانن، کەواتە ئەوانەی ئەندامی سەندیکان بۆ راگەیاندنەکانی ئەوانە، بۆیە بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی باش بێت دەبێت بتوانین لە بارودۆخێکی سیاسیی باشی ھەرێمی کوردستان بێت، وەکو ئەوەی دەبینین ھاوکێشەکان لە ھەرێمچۆن بەڕێوەدەچن لەسەر بینای دامەزراوە و پەرلەمان و حکوومەت، بەدڵنیایییشەوە سەندیکاش دامەزراوەیەکە پێویستی بەو تەوافوق ھەیە، بیرمان نەچێت ئێمە دەمانەوێت ھەموو حزبەکانیش بەشداری کۆنگرە ببن، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، حزبی نوێش ھەن، ھەموو ئەوانە ئەندامی سەندیکان و ھەقی خۆیانە بەشداریی کۆنگرە بکەن".
ئازاد حەمەدئەمین گوتی: "کۆنگرە پێویستی بە کۆنفڕانسی لق و نووسینگەکان ھەیە، پێویستی بە ئەو ژمارەیە ھەیە کە بزانین ئەندامانی کۆنگرە چەندن، من لەگەڵ ئەوەدام کە کۆنگرەی ئەمجارە کۆنگرەیەکی حەدی بێت و سەرکەوتووبێت و دەست لەسەر ھەموو پرسەکان دابنێت و ھەروەھا لە کۆنگرەدا ھەوڵ دەدەین ئەوانە دیاری بکەین کە بەکردەیی رۆژنامەنووسن، بەداخەوە خەڵکێکی زۆر بووەتە ئەندامی سەندیکا کە ھیچ مەرجێکی رۆژنامەنووسی تێدا نییە، ئێمە دەمانەوێت کۆنگرەی سەندیکا، رۆژنامەنووسە راستەقینەکانی ھەرێمی کوردستان بن ئەوانەی بەکردەیی کاری رۆژنامەنووسی دەکەن".
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەندیکایەکی رۆژنامەوانییە، شەش لق و سێ نووسینگەی ھەیە، لەگەڵ پێنج لێژنە.
یەکەمین کۆنگرەی کە کۆنگرەی دامەزراندن بوو لە رۆژانی ٢٧-٢٨-٢٩ی کۆتا مانگی ساڵی ١٩٩٨ بەستووە، کۆنگرەی دووەمیشی لە ساڵی ٢٠٠١ بەستووە، بە ھۆی رووداوەکانی شەڕی ناوخۆوە و بوونی دوو سەندیکا لە کۆتا مانگی ساڵی ٢٠٠٣ کۆنگرەی یەکگرتنەوەی بەستووە و لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆنگرەیەکی دیکەی بەستووە، کۆنگرەی گشتیی سێیەمیشی لە ٢٠١١ سازکردووە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسانە و گۆڤاری رۆژنامەنووس و (الصحفی بە زمانی عەرەبی) دەردەکات.
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدئەمین سەبارەت کاتی بەستنی کۆنگرەی رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: "ئێمە لێژنەمان دروستکردووە و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن بڕیارمان داوە و خۆمان بۆ کۆنگرە ئامادەدەکەین و کاتێک رێوشوێنەکان تەواو دەبن ئەو کاتە وادەی کۆنگرە دیاری دەکەین، من خۆم وەکو شەخسی پێمخۆشە بەیانی کۆنگرە ببەستین، ئێمە دامانناوە کە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داھاتوو کۆنگرە ببەستین و ئومێد دەکەین بەزووترین کات رێوشوێنەکانی ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە تەواوببن".
ئازاد حەمەدئەمین لەدرێژەی قسەکانیدا بە رەخنەوە باسی لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام لە سەندیکاکەیان کە بەشێکیان رۆژنامەنووس نین کرد و گوتی: "ئێستا ئێمە بەڕەسمی حەوت ھەزار ئەنداممان ھەیە، بەڵام ئەگەر لەمن بپرسی پێت دەڵێم بەکردەیی دوو ھەزار ئەندامی راستەقینەمان ھەیە، ئەو کۆنگرەیەی داھاتوو دەبێتە کۆنگرەی ئەو دوو ھەزار ئەندامە راستەقینەی کاری رۆژنامەنووسی دەکەن و لە رۆژانی داھاتووشدا رێوشوێن دەگرینە بەر بەرامبەر بەو ئەندامانەی نەیانتوانیوە پابەندبن بە سەندیکاوە و رۆژنامەنووس نیین".
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدئەمین سەبارەت بەو پێنج ھەزار ئەندامە گوتی: "ھەموو ئەندامن، بەڵام لە رابردوو بەشێکی زۆری دەزگاکان راگەیاندن داخراون و چەندین رۆژنامەنووس چوونەتە دەرەوەی وڵات، بەشێک لە رۆژنامەنووسان پلەکانییان لە کاراوە بووەتە بەشدار بە ھۆی ئەوەی فەرمانبەری حکوومەت بوون، ھەروەھا ھەن ئیشەکانییان گۆڕیوە، رۆژنامەنووس وەک ئەوەی لەدنیادا ھەیە سەرچاوەی بژێویی کاری رۆژنامەنووسییە، بۆیە چاوەڕوان دەکەین کۆنگرەی داھاتوو ببێتە کۆنگرەی ئەو رۆژنامەنووسانەی بەڕاستی و کردەیی کاری رۆژنامەنووسی دەکەن".
ئازاد حەمەدئەمین لە چوارچێوەی وەڵامەکانی لەمەڕ پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو کە سەبارەت بە ئاماری دەزگاکانی راگەیاندن بوو لەھەرێمی کوردستان رایگەیاند "بێگومان بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی تایبەت بەڕێکخستنی کاری رۆژنامەنووسی لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی گۆڤار و رۆژنامەکان لە ٨٣٥ تێپەڕی کردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێک کە پارساڵ ئەنجاممان دا بۆمان دەرکەوت نزیکەی ٥٠ لەو رۆژنامە و گۆڤارانە بەکردەیی دەردەچن، ئیتر بەشێکییان بە ھۆی قەیرانی داراییەوە، ئەوەش دەربڕی بارودۆخی ئابوورییە و دەربڕی ئەوەشە خەڵکانێک ھەن رۆژنامەنووسی بە ھیوایەتێک دەبینن، بەڵام رۆژنامەنووسی پیشەیە، بزنسە، تا قازانج نەکات ناتوانێت بەردەوام ببێت لە کاری رۆژنامەنووسی".
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەبارەی دەزگاکانی دیکەی راگەیاندنیشەوە روونیکردەوە "سەبارەت بەکەناڵی راگەیاندن بەپێی سەرژمێرییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری لە ھەرێمی کوردستان ١٧٥ رادیۆ و ٣٥ کەناڵی ئاسمانی و زیاتر لە ٥٠ کەناڵی ناوخۆیی ھەیە، ھەروەھا ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکانیش تاوەکو ئەو رۆژەی یاسایەک لە پەرلەمانەوە دەردەچێت لە لای ئێمە تۆمار دەکرێن و ئەوەش بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی کوردستان".